ئەردۆغان رەتیدەکاتەوە سەربازانی وڵاتەکەی لە سووریا بکشێنێتەوە و هۆکارەکەی ئاشکرادەکات

K24 - هەولێر
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ سی ئێن ئێن ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە پرسی کشانەوەی سەربازانی تورکیا لە سووریا رایگەیاند: "نەخێر لە ئێستادا بۆچوونێکی وامان نییە. چونکە ھەڕەشەی تیرۆر درێژەی ھەیە".
ئەردۆغان لە سی ئێن ئێن ئینتەرناشناڵدا، وەڵامی پرسیارەکانی بێکی ئەندێرسۆنی دایەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ زۆر بابەت کرد، ھەر لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە ھەتا سیاسەتی دەرەکی.
سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 28ی ئایاردا، رایگەیاند: ''من لەو باوەڕەدام لەو ھەڵبژاردنەی رۆژی یەک شەممەی داھاتوو ئەنجام دەدرێت، گەلەکەم دیموکراسی بەھێزی تورکیا نیشان دەدات. رێژەی بەشداری سەدا 90 بوو. ئەمە رێژەیەکی بەشداری گرنگە لە ھەڵبژاردندا کە لە جیھاندا وێنەی زۆر نییە، ئەگەر خودا ئیزنی لەسەر بێت ھیوام وایە لەم ھەڵبژاردنەدا بەھەڵەدا نەچین و گەلەکەم بە رێژەیەکی بەرز بەشداری بکات''.
ئەردۆغان لەبارەی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەرانی سووری لە تورکیا بۆ وڵاتی خۆیان گوتی: "ئێستا ئێمە ھەنگاوێکی نوێ دەنێین. چەند پرۆژەیەکی دروستکردنی نشینگەمان لە سووریا دارێشتووە بەمەبەستی گەڕانەوەی نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەر بۆ خاکی خۆیان. ئەمانە پرۆژەی زۆر جوانن، بەم شێوەیەش وا دەکەین کە پەنابەرانی سووری بگەڕێنەوە وڵات و خاکی خۆیان".
لە وەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکارەکە سەبارەت بەوەی کە سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد گوتوویەتی "ئەگەر تورکیا سەربازانی خۆی لە باکووری سووریا بکشێنێتەوە ئەوا لەگەڵی (ئەردۆغان) گفتوگۆ دەکەم"، ئەردۆغان لەمبارەیەوە رایگەیاند "سنوورێکی 900 کیلۆمەتری بوونی ھەیە و لەو سنوورەش بە شێوەیەکی بەردەوام ھەڕەشەی تیرۆر بۆسەر وڵاتەکەم بوونی ھەیە. ئەگەر ئێمە سەربازانمان لەو شوێنە جێگیر کردبێت ئەوا تاکە ھۆکارەکەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە".
ئەردۆغان لەبارەی پرسی کشانەوەی سەربازانی تورکیا لە سووریا گوتی: "نەخێر لە ئێستادا بۆچوونێکی وامان نییە. چونکە ھەڕەشەی تیرۆر درێژەی ھەیە".