ئەندامانی رێکخراوی نێودەوڵەتی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی نەگەیشتنە رێککەوتن

بارەگای رێکخراوی نێودەوڵەتی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە لاهای
بارەگای رێکخراوی نێودەوڵەتی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە لاهای

K24 - هەولێر

وڵاتانی ئەندامانی رێکخراوی نێودەوڵەتی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دوێنێ هەینی لەلاهای کۆبوونەوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا نەیانتوانی لەسەر نەخشەرێگایەک رێکبکەون بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، ئەمەش بەهۆی بوونی ناکۆکی قوڵی نێوان رۆژئاوا و رووسیا و سووریا بووە.

193 وڵات ئەم هەفتەیە لە لاهای کۆبوونەوە، بەڵام نەیانتوانی بگەنە رێککەوتن، لەو کۆبوونەوەیەدا مۆسکۆ و هاوپەیمانەکانی ئاڵوگۆڕی تۆمەتەکانیان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی کرد.

فێرناندۆ ئاریاس، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە دەڵێت: "هەموو هەوڵێکمان دا بۆ ئەوەی بگەینە کۆدەنگیەک، بەڵام ئەوە مەحاڵ بوو، ئەنجامەکە ئەوەیە کە ناگەینە رێککەوتنی کۆتایی".

رێکخراوەکە هیوای خواستبوو بگاتە رێککەوتن لەسەر رۆڵی داهاتووی لەگەڵ ئەمەریکا، چونکە لە ئەگەری رێککەوتنیان، تا مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ جبەخانەکانی چەکی کیمیایی لە جیهان  بە تەواوی لەناو دەبران.

ئامانجی رێککەوتنەکە رێگریکردن بووە لە سەرهەڵدانەوەی چەکی کیمیایی، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای لێکۆڵینەوە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە سوپای سووریا لە ساڵی 2013ـەوە لە کاتی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەی چەندین جار چەکی کیمیایی بەکارهێناوە.

دوای کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە، باڵیۆزخانەی ئێرلەندا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: کۆمەڵەیەکی بچووک لە وڵاتان جارێکی دیکە بێباکی خۆیان لە دانوستانە فرەلایەنەکان و رەتکردنەوەی سازان نیشان دا.

چوار وڵات، ئەم پەیماننامەیەیان واژوو نەکردووە، ئەوانیش ئیسرائیل، میسر، کۆریای باکوور و سوودانی باشوور.

لە میانی کۆبوونەوەکە رووسیا، رۆژئاوای تۆمەتبار کرد بەوەی رێکخراوەکەی بە سیاسیکردووە، بەتایبەتی بە وەرگرتنی دەسەڵاتی نوێ کە رێگەی پێدەدات سوپای سووریا وەک بەرپرسیار بزانێت لە چەند هێرشێکی کیمیاییدا.

وڵاتانی ئەندامی OIC هەر پێنج ساڵ جارێک کۆدەبنەوە بۆ هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پێشکەوتنانەی کە لە رێککەوتننامەی ساڵی 1997 دەکەن بۆ رزگارکردنی جیهان لە چەکی ژەهراوی.

 

 

Fly Erbil Advertisment