زێلێنسکی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی G7 سەردانی ژاپۆن دەکات

ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەشداری لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی حەوت G7 دەکات کە لە ئێستادا لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن، بەڕێوەدەچێت.

پێشتر حکومەتی ژاپۆن، ئەوەی خستبووەڕوو کە زێلێنسکی لەڕێی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە بەشداری لووتکەکەدا دەکات، بەڵام لە ئێستادا حکومەتی ئەو وڵاتە ئامادەبوونی زێلێنسکیی لە لووتکەکەدا راگەیاند.

پێشبینی دەکرێت ئامانج لەم بەشداریکردنەی زێلێنسکی، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئۆکرانیا و وڵاتانی G7 بێت.

لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: "بڕیاردرا لە کۆتا رۆژی لووتکەکەدا، زێلێنسکی ئامادە بێت و سەرکردەکانی G7 دەربارەی پرسی ئۆکراینا، کۆبوونەوەیەک ساز بکەن".

سەرۆکی ئۆکرانیا لە میانی سەردانەکەشیدا بۆ ژاپۆن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، کیشیدا فومیۆ کۆدەبێتەوە.

بڕیاریشە لە لووتکەکەدا کە هەریەک لە سەرۆکانی ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئیتاڵیا و ژاپۆن تیایدا بەشدارن، تا 21ی ئایار بەردەوام بێت.

هەروەها سەرۆکانی یەکێتی ئەوروپا، ئیندۆنێزیا، هیندستان، کۆریای باشوور، ئوستڕالیا، بەڕازیل و ڤێتنام و نوێنەرانی چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتیی وەک میوان بانگهێشتی لووتکەکە کراون.

G7 بە یەکێک لە سەکۆ گرنگە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان، دەناسرێت.