سبه‌ی هه‌ردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردن كۆده‌بنه‌وه

K24 - هەولێر:
دواى ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەستپێكرد و لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەوە كرايه‌وه، "پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت و هیچ پاساوێك نەبێت بۆ ئەنجامنەدانی، چونکە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە".
وابڕیاره سبه‌ی (یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023)، هه‌ردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆببنەوە و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و دیارترین ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌دا هه‌ن گفتوگۆیان له‌باره‌یه‌وه بكرێت.
هه‌ر سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رۆژی پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رۆژی (18ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023)ـی دیاریكردووه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان، بۆیه هه‌ر چۆنێك بێ نابێت هه‌ڵبژاردن له‌وه زیاتر دوابكه‌وێت و ده‌بێت هه‌مووان به‌و واده‌یه پابه‌ند بن.
پێشتریش نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیازی پێدانی کورسییەکی تورکمان و کریستیانەکانی خستبووە بەردەم پارتی و یەکێتی و پێکهاتەکان، بەڵام پێکهاتەکان تا ئێستا رژدن لەسەر رەتکردنەوەی پێشنیازەکە.