هێمن میرانی: تۆمارکردنی 385 هەزار سەرپێچی لە رۆژێکدا لە هاتووچۆی سلێمانی زانیارییەکی هەڵەیە

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای دەکات، تۆمارکردنی 385 هەزار سەرپێچی لە رۆژێکدا لە هاتووچۆی سلێمانی زانیارییەکی هەڵەیە.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە تۆمارکردنی 385 هەزار سەرپێچی لەلایەن کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆییەوە لە پارێزگای سلێمانی، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، تۆمارکردنی ئەو ژمارە زۆرەی سەرپێچی لە رۆژێکدا لە هاتووچۆی سلێمانی زانیارییەکی هەڵەیە.

گوتیشی: داتای کامێراکانی [پۆینت تو پۆینت] لە هاتووچۆی سلێمانی بەهەڵە وەرگیراوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانیش لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، شەوی رابردوو ئامارێک بڵاوکراوەیەوە کە گوایە لە ماوەی (24) کاتژمێردا زیاتر لە (385.000) سێ سەد و هەشتاوپێنج هەزار سەرپێچی تۆمارکراوە، وەک تۆمارکردنی سەرپێچییەکان ئامارەکە دروستە بەڵام لەماوەی (24) کاتژمێردا نییە بەڵکو لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەوە بووە و بەشێوەی تێست بووە.

ئاماژەیان بەوەشدا، هیچ کام لەو سەرپێچییانەی کە تۆمار کراون و دەکرێن لەلایەن کامێراکانی چاودێری خێرایی پۆینت تو پۆینت لە ڕێگای تاسڵووجە - دووکان هەژمار ناکرێت لەسەر هیچ شۆفێرێک (واتە وەک و سزای دارایی نە لەهیچ شۆفێرێک سەندراوەو وە نە دەسەندرێت) چوونکە لە قۆناغی تێستدایە تا ڕێکەوتی 29/05/2023 کە دەکاتە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو سەعات 08:00 ی بەیانی هیچ سزایەک لەسەر هیچ شۆفێرێک هەژمار ناکرێت و لە دوای ئەم رێکەوتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە شێوەیەکی کرداری، وە ئەو شیکارییانەی لەهەندێک پەیج و ماڵپەڕ کراون دوورە لە راستییەوە.  

Fly Erbil Advertisment