باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق: دەمانەوێت هاوکاریی زیاتری نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە بکەین

K24 - هەولێر

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق ویستی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی زیاتری نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، فوتووشی ماتسوموتو، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق سەردانی نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجەی کرد بۆ بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەکە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستیی ئەو  منداڵانەی تووشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون.

فوتووشی ماتسوموتو ئاماژەی بەوەکرد، هەردوو شاری هەڵەبجە و هیرۆشیمای ژاپۆن هاوشێوەی یەکدین و لە ئازارەکانی هاووڵاتییانی شارەکە تێدەگات. گوتیشی، لەماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری رێکخراوە ژاپۆنییەکان هە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری نەخۆشخانە و قوتابخانەکانی هەڵەبجەیان کردووە و دەیانەوێت هاوکارییەکانیان زیاتر بکەن.

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵكی هەڵەبجە کرد هاوکاری زیاتی نەخۆشخانە بکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام بتوانێت چارەسەری پزیشکی بۆ منداڵان بکات.

رۆژی شەممە 20ـی ئایاری 2023، د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک بەراورد بە پێشوو کەمیکردووە، پێشتر رۆژانە لە سەروو 10 کەس بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانە دەخەوێنران، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە کەمبووەتە بۆ پێنج یان کەمتر، بەڵام ئەو کەمبوونەیەوە بەو مانایە نییە بڵێین نەخۆشییەکە نەماوە".

گوتیشی: "ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێن زۆربەیان دوای دوو رۆژ تەندروستیان باش دەبێت و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، ئەوانەشی کە تا و سەر ئێشەیان زۆرە زیاتر دەمێننەوە، بە گشتی دوای وەرگرتنی چارەسەر هەموویان بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە ماڵەوە".

د. پشدەر، باسی لەوەشکرد: "خۆشبەختانە تائێستا هیچ حاڵەتێکی مردن بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە لە سلێمانی تۆمار نەکراوە".

هۆکاری کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکی لە سلێمانی بۆ خۆپارێزی هاووڵاتییان و گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی لە سەرچاوەکانی ئاو، هەروەها تەواو بوونی دەوامی قوتابخانەکان گەڕاندەوە.

Fly Erbil Advertisment