عێراق دوو پارچە شوێنەواری مێژوویی لە ئەمەریکا دەگەڕێنێتەوە

K24 - هەولێر
باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن دوو پارچە شوێنەواری مێژوویی لە ئەمەریکا وەردەگرێتەوە، کە مێژووەکەیان بۆ هەزاران ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوو پارچەی شوێنەواری مێژوویی کە بەشێکن لە کەلەپووری عێراق و مێژووەکەیان بۆ چوار ھەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە لە ئەمەریکاوە گەڕێنراونەتەوە عێراق.
ئاماژە بەوەشدراوە، شوێنەوارەكان لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە شوێنی شوێنەواری ئوروک لە عێراق دزرابوون.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 17 هەزار پارچە شوێنەوار کە لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق و داگیرکاری داعش بە تاڵان و با قاچاخ بردران بە هەماهەنگی حکومەتی عێراق و ئەمەریکا گەڕێندراونەتەوە.

