کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر لەبارەی ڤیزا روونکردنەوە دەدات

K24 – هەولێر

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر رایدەگەیەنێت، لەم مانگەوە گۆڕانکاری بەسەر بڕی پارەی ڤیزای ئەمەریکادا دێت.

لە راگەیەندراوێکدا کونسوڵخانەی ئەمەریکا رایگەیاند: "لە 3ی مانگی ئایاری 2023 بە دواوە پارەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ڤیزای ئەمەریکا بۆ زۆرێک لە گەشتیاران لە بوارەکانی (بزنس، گەشتیاریی، خوێندن و پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕەکان) لە 160 دۆلارەوە دەبێت بە 185 دۆلار و پارەی ئەو ڤیزانەی لەسەر داواکاری خاوەنکار بۆ ڤیزای کاتیی کار لە جۆرەکانی (ئێچ H، ئێڵ L، ئەو O، پی P، کیو Q، ئاڕ R) پێشکەش دەکرێن لە 190 دۆلارەوە دەبێت بە 205 دۆلار. هەموو ساڵێک لێکۆڵینەوە لە خەرجیی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە ڤیزا دەکەین و لەسەر ئەو بنەمایە بڕی پارە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ڤیزا دیاری دەکەین".

کونسوڵخانەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە ساڵی 2014ـەوە هیچ زیادبوونێک لە بڕی ئەو پارەیەی دەدرێت بۆ خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە ڤیزا نەبووە و ئەم زیادبوونەشە رەنگدانەوەی تێچووی زیادبووی ئەو خەرجیە گشتیەیە کە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە ڤیزا دروستبووە".

دەشڵێت: "ئەم هەواڵە هەواڵێکی خۆش بۆ ئەو کەسانەی کە پێش 30ی ئایار پارەیان داوە, پێویست ناکات پارەی زیاتر بدەن تەنانەت ئەگەر کاتی چاوپێکەوتنەکەش بکەوێتە دوای ئەو بەروەروارە بە مەرجێک پسوڵەی پێدانی پارەکە بەسەر نەچووبێت. هەواڵێکی خۆشی تر، ئێستا بەشی ڤیزا لە باڵیۆخانە لە بەغداد کراوەتەوە و داواکاری ڤیزای لێوە پێشکەشدەکرێت، دەتوانیت لێرەشەوە کاتی چاوپێکەوتن دیاری بکەیت".

Fly Erbil Advertisment