لە هەولێر سەگی بێلانە پەلاماری مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەک دەدات؛ 30 سەر مەڕ و بزن مردار دەکات

K24 - هەولێر
لە ناحیەی بەحرکەی سەر بە هەولێر ژمارەیەک سەگی بێلانە پەلاماری مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەک دەدەن و 30 سەر مەڕ و بزن مردار دەکەن. خاوەنەکەشیان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات چارەسەرێک بۆ ئەو سەگانە بدۆزێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، عەبدولستار هەرکی، خاوەنی ئەو حەسارەی مەڕوماڵاتی خۆی لە ناحیەی بەحرکە لێی بەخێوکردووە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 04:30، شوانەکە هاتووە مەڕوماڵاتەکە بباتە ئاقار و بیانلەوەڕێنێت، دواتر بینیویەتی ژمارەیەک سەگ پەلاماری حەسارەکەیان داوە و لە کۆی 35 سەر مەڕ و بزن، تەنها پێنج سەر ماونەتەوە.

بەگوتەی عەبدولستار هەرکی، ژمارەیەکی زۆری سەگی بێلانە لە دەڤەرەکەیان هەن و بوونەتە هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر ژیانیان و، جاری یەکەمیش نییە لەو سنوورە پەلاماری مەڕوماڵاتی هاووڵاتییان بدەن، "پێشتر ئەگەر پەلاماری مەڕوماڵاتییان بدابایە، دوو سێ سەر مەڕ و بزنیان مردار دەکرد، بەڵام ئەمە بۆ جاری یەکەمە بەم شێوەیە پەلاماری مەڕوماڵات بدەن و ئەم ژمارە زۆرە مردار بکەن".

وەکو ئەوەی خاوەنی ئەو مەڕوماڵاتە ئاماژەی پێ دەدات، چەند رۆژێک پێش ئێستا ژمارەیەک سەگی بێلانە لە سنووری دەڤەرەکەیان پەلاماری مەڕوماڵاتی برازایەکی داون و دوو سەر مەڕی لێ بردوون و "شوانەکە بە زۆر خۆی لە پەلاماری ئەو سەگە بێلانانە رزگارکردووە".
ناوبراو لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای هەولێر کرد چارەسەرێک بۆ ئەو سەگە بێلانانە بدۆزنەوە، چونکە وەکو خۆی ئاماژەی پێ دا، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون و "تەنها ئەمڕۆ بەهۆی پەلامارەکەوە نزیکەی 10 تا 12 ملیۆن دینار زیانم پێگەیشتووە، دیمەنەکان خۆیان دەدوێن".

هاووڵاتییەکی دیکەی ئەو دەڤەرە بەناوی رەشید هەرکی بە کوردستان24ـی راگەیاند، زۆرینەی حاڵەتەکانی پەلاماردانی سەگی بێلانە بۆ سەر حەسارەکان بەرەبەیانیان روودەدەن، نزیکەی کاتژمێر 04:00 بۆ 05:00. ئاماژە بەوەشدەدات، بەیانیان ئەو سەگانە پەلاماری هاووڵاتییانیش دەدەن، بەتایبەت ئەوانەی بۆ نوێژی بەیانی دەچنە مزگەوت.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، ژمارەیەک سەگی بێلانە لە هەولێر پەلاماری منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵانیان دا و بریندارییان کرد، دواتر لەلایەن دراوسێکانیهوە رزگار کرا.
باوکی منداڵەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، خۆی لەماڵەوە نەبووە و دراوسێکانی منداڵەکەیان رزگارکردووە و ئەگەر دراوسێکانیان نەبوونایە، دەکرا منداڵەکەی گیانی لەدەستدابا.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 20 هەزار سەگی بێلانە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن و لەماوەی چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە 300 حاڵەتی پەلاماردان و گەستن لەلایەن سەگی بێلانەوە بۆ سەر هاووڵاتییان لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر تۆمارکراون.
دوای ئەوەی پەلاماردانی هاونیشتمانیان لە لایەن سەگی بێلانەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر زیادیکرد، بڕیاردرا لە دەرەوەی شار شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە دروستبکرێت. شێڵتەرەکە لەسەر 20 دۆنم زەوی لە ناوچەی لاجانە دەستیپێکردووە کە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە

لەوبارەوە رۆژی دووشەممە 15ـی ئایاری 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ، ''ئامادەکردنی شێڵتەرەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و دوای تەواوبوونی، میکانیزمی دەستگیرکردنی سەگە بێلانەکان دەستپێدەکەین.'' ئاماژەی بەوەشکرد، سەگە بێلانەکان لە شێلتەر راناگیرێن و دوای خەساندن و ڤاکسینکردنیان، بەرەڵڵا دەکرێنەوە.

پارێزگاری هەولێر گوتی، بۆ کۆکردنەوەی سەگەبێلانەکان پێویستییان بە هاوکاری خەڵکە و هەڵمەتێک رادەگەیێنن بۆ ئەوەی هەر گەنجێک دەیەوێت لە پڕۆسەکەدا بەشدار بێت و، وەکو خۆی ئاماژەی پێدا، تێچووی ئەم پڕۆژەیە بۆ حکومەت زیاتر لە 450 ملیۆن دینارە و مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دینار بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە پێویستە.