لە رووداوێکی هاتووچۆ لە هەریر پێنج کەس گیانیان لەدەستدا

گەیاندنی قوربانییەکان بۆ پزیشکی دادی هەولێر
گەیاندنی قوربانییەکان بۆ پزیشکی دادی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە لە گوندی قەڵاتەجن لە سنووری شارەدێی هەریری، پێنج هاووڵاتی ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (25ـی ئایاری 2023)، شێروان جەلال بەگ، بەڕێوەبەری شارەدێی هەریر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک گوندی قەڵاتەجن لە رێگای نێوان شێخ توراب بۆ قەندیل، پێنج هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، رووداوەکە لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری پیکاب بووە و سەرنشینەکانی هاووڵاتی رەوەندی عەرەبن، کە لەناوچەکە سەرقاڵی کاری ئاژەڵدارین.

دوای رووداوەکەش، تەرمی قوربانییەکان رەوانەی دادپزیشکی هەولێر کراون و لەلایەن خۆیەوە پەیامنێری کوردستان24 لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان لە بەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی هەولێر قسەیکرد و رایانگەیاند، نازانن هۆکاری ئەو رووداوە چییە، تەنیا ئاگادارکراونەتەوە کە پێنج کەس لە خێزانەکەیان گیانیان لەدەستداوە.

کەسێکی ئەو بنەماڵەیە بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، لە ریزی قوربانییەکان دایک و هاوژینەکەی و کچی خوشکی و دوو منداڵی دیکەیان هەیە.

لەبارەی تەمەنی قوربانییەکان، ئەو سێ منداڵەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنی یەکێکیان یەک ساڵە و دوو منداڵەکەی دیکەش تەمەنیان سێ ساڵان و پێنج ساڵانە. هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش ئافرەت بووە و تەمەنی 55 ساڵان بووە و ئەو کچەشی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 20 ساڵان بووە. هەر لەو رووداوە، منداڵێکی دیکەش برینداربووە.

هەر بەگێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی ناوچەی گەیارەی پارێزگای نەینەوان.

Fly Erbil Advertisment