100 ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزان تێدەپەڕێت

لە شاری لۆزان کۆنفرانسێک بەڕێوەدەچێت

K24 – لۆزان

100 ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزان تێدەپەڕێت، بەو بۆنەیەوە ئەمڕۆ کۆنفرانسێک لە شاری لۆزانی سویسرا بەڕێوەدەچێت.

ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان و رەوەندی کوردی و چالاکوانانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن، هەروەها بەشێک لە چالاکوانانی ئەمەریکی و ئەوروپی ئامادەی کۆنفرانسەکە دەبن.

هەورامان عەلی، جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بە کوردستان24ی گوت: "دەمانەوێت لەم کۆنفرانسەدا پەیامێک لەبارەی پەیماننامەی لۆزان بە دونیا بگەیەنین، کە 100 ساڵە زوڵم لە کورد دەکرێت".

گوتیشی: "ئەو کۆنفرانسە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، چوار پانێل بەڕێوەدەچن و جگە لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، ژمارەیەک لە چالاکوانانی بیانی بەشداری لە پانێلەکان دەکەن".

لە 24ـی تەمموزی 1923دا وڵاتانی سەرکەوتووی جەنگی جیهانی یەکەم و تورکیا پەیمانی لۆزانیان لە شاری لۆزانی سویسرا واژۆ کرد و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له‌گۆڕ نا و كۆتایی به‌ په‌یماننای سیڤه‌ر هێنا.

بابەتی سەرەكی ئەو كۆبوونەوەیە، دابەشکردنی کێکی سەرکەوتنیان بوو لە شەڕ و کێشانەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو لەسەر میراتی عوسمانییەکان، ئەویش دوای هاتنە ناوەوەی سووپای وڵاتە زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داگیرکردنی خاکێکی بەرین لەلایەن ئەوانەوە.

وەک زۆربەی جاران، خەڵکی کوردستان نوێنەری خواست و داواکارییەکانین لەو کۆنگرەیە نەبوو، ئەوکاتیش خەڵکی کوردستان نەیانتووانیبوو لە دەوری چەترێکی یەکگرتوو کۆببنەوە و خواستی خۆیان ببەنە سەر مێزی گفتوگۆکان و بەدەستی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. هەر بۆیە بەبێگوێدانە خواستی کوردستانیان لە رۆژی (24 تەمووزی ساڵی 1923)دا پەیمانی (لۆزان) واژووكرا.

هێزە سەرکەوتووەکانی شەڕی یەکەم، بەپێوانەی بەرژەوەندی و خواست و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رازیکردنی دڵی ئەوانەی ببونە کەوا سووری بەر لەشکرەکانیان، ناوچەکەیان لەسەرخۆیان دابەشکرد، ئەو دابەشکارییەی ئەوکات، ئێستاش خوێن لە جەستەی میللەتانی ناوچەکە دەچۆرێنێت و بەدەست ئەو گوێ نەدانە بە خواستی ئەوان هەمیشە کێشە و قەیرانبەکان نوێ دەبنەوە.

لە دوای واژووكردنی پەیمانی (لۆزان) توركیا، ئێران، عێراق و سووریا بە هەموو هێزی خۆیان سیاسەتی نكۆڵی و لەناوبردنیان لە بەرامبەر گەلی كوردستان پەیڕەو كرد.

سەرەڕای ئەوەی كە خاڵەكانی (39 و 41) ی ئەو پەیمانە مافە پەروەردەیی و زمان و پاراستنی كلتووری كوردان پەسەند دەكات، بەڵام ھەرگیز ئەم خاڵانە لە بەرچاو نەگیران و لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان سیاسەتی پاكتاوی نەژادییان گرتەبەر.

.

 

Fly Erbil Advertisment