ئانۆ جەوهەر: پێویستە پڕۆژەی 'رێگەی گەشەپێدان' خزمەتی هەموو عێراقییەکان بکات

ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێویستی دەزانێت پڕۆژەی 'رێگەی گەشەپێدان' بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو عێراقییەکان بکات. دەشڵێت، "بەبێ کوردستان، نەرێگا هەیە و نە گەشەسەندن"

ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023، لەمیانی بەڕێوەچوونی پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" لە بەغدا،  باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی لێکەوتە جۆگرافیایەکەی و بوونی چیا و دۆڵەکان، پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی بازرگانی عێراق – تورکیا بە هەرێمی کوردستاندا تێناپەڕێت.

لەوبارەوە ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان پرۆژەیەکی گشتگیری عێراقییە، پێویستە خزمەت بە هەموو عێراقییەکان بەبێ جیاوازی بگەیەنێت."

وەکو ئەوەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە تویتەکەیدا ئاماژەی پێ داوە،  "زیاتر لە بۆنە و کۆبوونەوەیەک پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ سەرجەم هەوڵەکانی دروستکردنی رێگەی ئاسنین و رێگای خێرا لە شاری فاوەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە."

لە تویتەکەی ئانۆ جەوهەردا هاتووە: "بەبێ فاو و بەسرە، نەرێگا هەیە و نە گەشەسەندن؛ هەروەها بەبێ کوردستان، نەرێگا هەیە و نە گەشەسەندن".

ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023، بە بەشداریی نوێنەری هەریەک لە وڵاتانی سعوودیە، تورکیا، سووریا، ئوردن، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران هەروەها نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتیی و یەکێتیی ئەوروپا، کۆنفرانسی "رێگەی گەشەپێدان" لە بەغدا بەچاودێری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی بە کارەکانی کرد.

لە میانی کۆنفرانسەکەدا تاوتوێی ئەو لێکتێگەیشتنە سەرەتاییانە دەکرێت کە لەنێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمیی کراوە.

ئامانجی کۆنفرانسەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانی ستراتیژی (کەناڵی وشکانی کە بەندەری فاو و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە).