داوای 400 ملیۆن دینار قەرەبوو لە جووتیارێکی کورد دەکرێت

K24 - کەرکووک

لە دادگای کەرکووک عەرەبی هاوردە سکاڵایان لەسەر ژمارەیەک جووتیاری کورد و تورکمانی گوندی تۆپزاوە تۆمارکردووە، کە یەكێكیان لەسەر جووتیارێکی کوردە و داوای 400 ملیۆن دیناری لێدەكەن،و ئەوەی دیکەشیان لەسەر هاووڵاتییەکی تورکمانە و داوای 500 ملیۆن دیناریان وەکو قەرەبوو کردووە.

بۆ ئەو مەبەستە، دەبێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەم جووتیارانە بچنە بەردەم دادگای کەرکووک، جووتیارانی سنوورەکەش دەڵێن: ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە نەدۆزرێتەوە، کێشەکان لە ئان و ساتێکدا دەتەقنەوە، ئەم زەوییانە موڵکی کورد و  تورکمانی رەسەنی سنوورەکەن و كاتی خۆی بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەناو شۆڕشی حزبی بەعس  بە عەرەبی هاوردە دراون. 

لەسەردەمی رژێمی پێشووی عێراق، بە بڕیاری ئەنجومەنی بەناو سەرکردایەتی شۆڕشی حزبی بەعس، جووتیارانی کورد و تورکمان لەو ناوچەیە راگواستران و زەوییەکانیان دران بە عەرەبی هاوردە کە رووبەرەکەیان لە شەش کەرتی سنووری تۆپزاوە زیاتر لە 25 هەزار دۆنمە، عەرەبی هاوردە سکاڵایان لەسەر سێ جووتیاری کورد و تورکمان تۆمارکردووە و دەبێت هەفتەی داهاتوو بچنە بەردەم دادگا.

سامی غەفوور، دانیشووی گوندی تۆپزاوە یەکێکە لەو جووتیارانەی سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، ئەو دەڵێت: "ئەم هەوڵە هەموو کات هەبووە، بەڵام لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر بەشێوەیەکی چڕتر دەستیپێکردووە، ئێستا عەرەبە هاوردەکان دەڵێن ئەو زەویانە لە سەردەمی بەعس بە دەست ئێمە بووە و دەمانەوێتەوە، دەبێ قەرەبووی هەموو ئەو ساڵانەشمان بکەنەوە کە لە ساڵانی رابردوو زەوییەکە بەدەست ئێوە بووە".

هاوشێوی کورد، هاووڵاتیانی تورکمانیش زەوییەکانیان لەبەردەم هەڕەشەی داگیرکردندایە، عەدنان یوسف هاووڵاتییەکی تورکمانە و دەڵێ: "کاتی خۆی بە زۆر لەم ناوچەیە دەرکراین و زەوییەکانمان دران بە ئەندامانی حزبی بەعس، بەڵام لەدوای 16 ئۆکتۆبەرەوە ئەو کەسانە جارێکی تر هاتوونەتەوە و داوای قەرەبووی ئەم زەوییانەمان لێدەکەن".

دەشڵێت: "لەساڵی 1987 ئەم زەوییانەمان لێوەرگیراوە و تەرحیل کراین و ئێستاش داوا دەکەن زەوییەکانیان بدەینەوە".

بەشێک لە زەوییەکانی گوندی تۆپزاوە لە سنووری کەرکووک، لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق و بەشێکی دیکەشیان لە دوای ساڵی 2017 لەلایەن دادگای کەرکووک و فەرمانگەی کشتوکاڵەوە گرێبەستەکانیان بۆ نوێکراوەتەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێ لە بەغداوە کارکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "ئاگاداری ئەو بارودۆخەین و لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارەکان هەوڵدەدەین ئەو بابەتە هەڵبوەشێنینەوە و رێگە نادەین بەمشێوەیە بەردەوام بێت".

پێش چەند مانگێک وەزارەتی بەرگری عێراق هەوڵیدا لەنێو گوندی تۆپزاوە، کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون بۆ سەربازانی سوپا دروستبکات، بەڵام لە دوای ناڕەزایەتی دەربرینی دانیشتوانی گوندەکە، بڕیارەکە بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە.