لاڤرۆڤ: ناردنی فڕۆکەی ئێف 16 بۆ ئۆکرانیا یاریکردنە بە ئاگر

K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی رووسیا ناردنی فڕۆکەی ئێف 16 بۆ ئۆکرانیا بە "یاریکردن بە ئاگر" ناودەبات و هۆشداریش دەداتە وڵاتانی رۆژئاوا.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ناردنی فڕۆکەی ئێف 16 بۆ ئۆکرانیا یاریکردنە بە ئاگر و راشیگەیاند، هیوادارە خەڵکانی ژیری رۆژئاوا واز لەپشتیوانیکردنی کەمتەرخەمانەی نازییە نوێیەکان بهێنن.
وەکو ئەوەی لاڤرۆڤ باسی دەکات، "رێگەدانی ئەمەریکا بە داواکردنی فڕۆکەی ئێف 16 لەلایەن ئۆکرانیاوە و ناردنی بۆی پێشهاتێکی قبوڵنەکراوە."
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی: "خەڵکانێک لەرۆژئاوا هەن ژیرانە بیردەکەنەوە و دەڵێن ئەم کارە هەڵەیە. هەموو کارەکان لەلایەن واشنتۆن و لەندەن و ئەو مانگە دەستکردانەی لە یەکێتی ئەوروپا هەیانە ئاڕاستە دەکرێن. پۆڵەندا و وڵاتانی بەڵتیک ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە جێ بەجێی دەکەن. رۆژئاوا یاریی بە ئاگر دەکات ئەمە گومانی تێدانییە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا، "هیوادارم خەڵکە ژیرەکان دووربکەونەوە لەپشتیوانی کەمتەرخەمانەی نازییە نوێیەکان."
ئەو لێدوانەی وەزیرەکەی دەرەوەی رووسیا دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رەزامەندی داوە بە وڵاتانی ئەوروپی بۆ گواستنەوەی فڕۆکەکانی ئێف 16 بۆ ئۆکرانیا، هەروەها پاڵپشتی لە راهێنانی فڕۆکەوانە ئۆکراینیەکانیش لە ئەوروپا دەکات.