هێرشکرایە سەر مۆسکۆ

K24 - هەولێر
لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا.
سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 30/5/2023، لە رێگەی درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە شارەکەوە و بەهۆیەوە زیانیان بەرکەوتووە.
سێرگی سۆبیانین سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ راشیگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە زیان بە هەردوو باڵەخانەکە کەوتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
باسی لەوەشکرد، درۆنەکان خۆیان بە نهۆمی سەرەوەی باڵەخانەکاندا کێشاوە و لەکاتی خۆکێشانیش بە باڵەخانەکان تەقیونەتەوە.
هاوکات، میدیاکانی رووسیا بڵاویانکردەوە، لە شەوی رابردووەوە بەرگری ئاسمانی رووسیا 10 درۆنی لە نزیک مۆسکۆ تێکشکاندووە.