لە ئیتاڵیا بەلەمێکی گەشتیاری نقومبوو چوار کەس گیانیان لەدەستدا

دەریاچەی ماجیور لە ئیتاڵیا
دەریاچەی ماجیور لە ئیتاڵیا

K24 - هەولێر

لە دەریاچەی ماجیۆر لە باکووری ئیتاڵیا بەلەمێکی گەشتیاری بەهۆی بای بەهێزەوە وەرگەڕا و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە دوو کارمەندی هەواڵگری ئیتاڵی و پیاوێکی ئیسرائیلی بوون.

لوکا کاری، گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "بەهۆی رووداوی وەرگەڕانی بەلەمەکە تا ئێستا چوار تەرم دۆزراونەتەوە"، هەروەها لەنێو قوربانییەکان دوو ئەندامی دەزگای هەواڵگری ئیتاڵیا تێدابوو".

لە راگەیەندراوێکی فەرمی دەزگا ئەمنییەکانی ئیتاڵیادا هاتووە: "ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 28ی ئایار دوای رووداوێکی دەریایی کە بەهۆی بایەکی بەهێزەوە روویدا، کڵاودیۆ ئالۆنسی 62 ساڵ  و تیتسیانا بارنۆبی 53 ساڵ، کە سەر بە دەزگای هەواڵگری ئیتاڵیا بوون بێسەروشوێن بوون".

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو کەسانە لە ناوچەکە بوون بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگێکدا کە بەڕێوەچوو.

بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، یەکێک لە قوربانییەکان هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییە، کە تەمەنی لە پەنجاکاندایە.

وەزارەتەکە رایگەیاندووە، ئەو ئیسرائیلییە گیانی لەدەستداوە ئەندامێکی پێشووی هێزە ئەمنییەکان بووە، هەروەها بەگوێرەی ماڵپەڕی "فاریسی نیوز"ی ئیتاڵی، قوربانی چوارەم هاووڵاتەکی رووسییە.

دەریاچەی ماجیۆر کە دەکەوێتە باشووری بەرزاییەکانی ئاڵپ، دووەم گەورەترین دەریاچەیە لە ئیتاڵیا و شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگە.

 

Fly Erbil Advertisment