دادگایەکی لیبیا سزای لەسێدارەدان بەسەر 23 چەکداری داعشدا دەسەپێنێت

وێنەی بەشێک لە سزادراوەکان
وێنەی بەشێک لە سزادراوەکان

K24 - هەولێر:

بە تاوانی بەشداریکردن لە هەڵمەتێکی میلیشیایی رێکخراوی داعش، دادگایەکی لیبیا سزای لەسێدارەدانی بەسەر 23 چەکداری داعشدا سەپاند و 14 کەسیشی بە سزای زیندانی هەتا هەتایی سزادا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەو کەسانەی لەلایەن دادگاکەی لیبیاوە سزادراون، لە ساڵی 2015 بەشدارییان لە هێرشێکی داعشدا کردووە بۆ سەر شاری سیرت لە لیبیا، هەرەوەها دەستیان لە سەربڕینی گرووپێکی مەسیحی میسریدا هەبووە.

نووسینگەی داواکاری گشتی لیبیا لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، چەند کەسێکی دیکە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە، کە ماوەی زیندانیکردنیان سێ ساڵ بۆ 12 ساڵە.

داعش لە لیبیا یەکێک لە بەهێزترین گرووپە چەکدارەکانی هەبوو لە دەرەوەی عێراق و سووریا، ئەمەش بە قۆستنەوەی ئەو ئاژاوە و شەڕەی دوای بەهاری عەرەبی کە لە 2011 سەریهەڵدا.

چەکدارانی داعش لە لیبیا، لە ساڵی 2015 هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لوکس کۆرینتیا لە تەرابلوس و نۆ کەسیان کوشت، پێش ئەوەش دەیان مەسیحی میسریان رفاند و سەریان پەڕاندن کە دواتر ڤیدیۆی کوشتنەکانیان، لە چوارچێوەی هەڵمەتە پروپاگەندەکانی خۆیاندا بڵاوکردەوە.