نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 13 ملیۆن منداڵ لە سوودان پێویستیان بە هاوکاری بە پەلەیە

K24 - هەولێر
سندووقی نهتهوه یهكگرتووهكان بۆ منداڵان- یونیسێف، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، زیاتر لە 13.6 ملیۆن منداڵ لە سوودان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە.
یونسێف ئاماژەی بەوەشکردووە، بارودۆخی منداڵان لە سوودان گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانی وڵاتەکەوە، ئاماژەی بەوەشدا، کە دەستگەیشتن بە خۆراک و ئاوی خواردنەوە و کارەبا و پەیوەندییەکان زۆر خراپە و هەندێک جار بەدەستیان ناگات.
بەهۆی شەڕەکانی سوودانەوە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەناوخۆی وڵاتەوە ئاوارەبوونە و هەروەها 319 هەزار کەس ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوونە، کە پێشبینی دەکرێت نیوەی ئەو ژمارەیە منداڵ بن.
یونیسێف ئاماژەی بەوەشکردووە، "زیاتر لە 620 هەزار منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، کە نیوەیان لە مەترسی مردندان ئەگەر لە کاتی خۆیدا یارمەتییان نەدرێت".
رێکخراوەکە هۆشداری دەدات لە دەرئەنجامە وێرانکەرەکان بۆ منداڵان بەهۆی ئاوارەبوون و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ئەگەر هیچ کاردانەوەیەکی مرۆیی بەپەلە و بەربڵاو نەیەتە ئاراوە.