چین دەست دەکات بە هەڵکەندنی بیرێک بۆ گەڕان بەناو قوڵایی هەسارەی زەویدا

K24 - هەولێر:

چین دەستیکرد بە هەڵکەندنی یەکەم بیر کە قوڵایی زیاتر لە 10 هەزار مەتر دەبێت، لە حەوزی تاریم لە هەرێمی خۆسەری شینگیانگ ئویگور لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە، بە ئامانجی گەڕانی زانستی.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی هەواڵی چینی، رایگەیاند "کارەکانی هەڵکەندن لە هەسارەی زەوی لە کاتژمێر 11:46 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکردووە، ئەمەش بڕگەیەکی گرنگە لە گەڕانی چین بۆ قووڵایی زەوی، هەروەها دەرفەتێکی بێ وێنە بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوچە قووڵەکانی هەسارەکە لە ژێر رووی زەویدا".

ئاژانسەکە باسی لەوەکردووە، "بە دیزاینێک بە قوڵایی 11 هەزار و 100 مەتر، بیرەکە دەکەوێتە ناوچە دوورەدەستەکانی بیابانی تەکلیماکان کە گەورەترین بیابانی چینە، لە کاتی پرۆسەی کونکردنەکەدا ئامێرەکان دەچنە قووڵایی زەوی و دەچنە ناو زیاتر لە 10 چینە کیشوەریەکانەوە".

 ئاژانسی هەواڵی چینی لە زاری وانگ چونشنگ، ئەو شارەزای تەکنیکییەی کە پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنەکەوە کردووە، رایگەیاندووە، "کونکردنی بیرێک بە قووڵایی زیاتر لە 10 هەزار مەتر هەوڵێکی بوێرانەیە بۆ گەڕان بەناو ناوچە نادیارەکەی زەوی و فراوانکردنی سنوورەکانی تێگەیشتنی مرۆڤ."