به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی زێلێنسکی: ئۆكرانیا ته‌نها به مه‌رجی خۆی بۆ دانوستان ئاماده‌یه

K24- هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆكی ئۆكرانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاته‌كه‌ی ته‌نها به مه‌رجه‌كانی خۆی ئاماده‌ی دانوستانه له‌گه‌ڵ رووسیا، هاوكات ئاماژه به‌وه ده‌كات سه‌رده‌می نێوه‌ندگیری و پێشنیازه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئۆكرانیا كۆتاییپێهاتووه.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 30ـی ئایاری 2023) ئیگۆر جۆڤكۆڤا، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا سه‌باره‌ت به پێشنیازه‌كانی چین، به‌ڕازیل و ڤاتیكان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئۆكرانیا، رایگه‌یاند، هه‌ر پلانێكی ئاشتی پێویسته پلانی ئاشتییانه‌ی ئۆكرانیا بێت، گوتیشی، سه‌رده‌می نێوه‌ندگیری كۆتاییپێهاتووه، به‌شێوه‌یه‌ك هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك و سیاسییه‌ك نا‌توانیت ڕۆڵی نێوه‌ندگیر ببینێت، به‌وپێیه‌ی له یه‌ك كاتدا نێوه‌ندگیر بیت و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستكه‌وته كه‌سییه‌كان بیت له كاتی جه‌نگدا.
جۆڤكۆڤا هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كه زێلێنسکی له‌سه‌ر مێزی دانوستان به‌ته‌نیا نییه، به‌ڵكوو هه‌موو ئه‌و وڵاتانه له پشتی داده‌نیشن، كه به‌رپرسیاریه‌تی جێبه‌جێكردنی پلانی ئاشتی ئۆكرانیا له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت ژورناڵ، لی هووی، نوێنه‌ری تایبه‌تی چین بۆ كاروباری ئۆراسیا له میانی سه‌ردانی بۆ ئه‌وروپا داوای ده‌ستبه‌جێ راگرتنی ئاگربه‌ستی له ئۆكرانیا و پاراستنی ناوچه نوێیه‌كانی ناو رووسیا كرد.
هاوكات پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان له دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "تیلیمۆندۆ" ململانێكانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیای به كێشه‌یه‌كی سیاسی ناو برد و داوای كرد له رێگه‌ی ئاشتی و په‌یوه‌ندییه‌وه پرۆسه‌ی ئاشتی له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا ده‌ستپێبكات.
له‌لای خۆیه‌وه لۆلا دا سیلڤا، سه‌رۆكی به‌ڕازیل رایگه‌یاند، رووسیا گه‌ره‌نتی ئاشتییه‌كی درێژخایه‌نه له هه‌موو جیهان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای له مۆسكۆ كرد، ده‌ستپێشخه‌ر بێت له ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ و دانوستان له‌نێوان رووسیا و ئۆكرانیا و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی نیشان بۆ دانوستانی راسته‌وخۆ له‌نێوان ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و زێلێنسکی.
له 24ـی شوباتی 2022، به فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وامه.