گەمارۆی سەر گوندی تۆپزاوە هەڵگیرا

K24 - کەرکووک:
دوای چەند رۆژێک لە گەمارۆدانی گوندی تۆپزاوە لەلایەن فیرقەی 11ـی سووپای عێراقەوە، دواجار بە فشاری خەڵکی گوندەکە و دەستێوەردانی چەند پەرلەمانتارێکی کەرکووک سووپای عێراق لە گوندەکە کشانەوە.
بە شێوەکی کاتی کێشەی دروێنەکردنی جووتیارانی کورد و تورکمان چارەسەرکرا و جووتیاران دەستیان کردوە بە دروێنەکردنی زەوییەکانیان، بەڵام بەردەوامن لە مانگرتن و لەسەر زەوییەکانیان خێمەیان هەڵداوە و داوای چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانیان دەکەن.
هاوکات حاتم جابر، بەرپرسی بەشی پشتیوانی سوپای عێراق رایگەیاند، "سەردانی فیرقەی 11ـی سوپای عێراقمان کرد و لیژنەکەمان سەرجەم کارە یاساییەکانی دەکات سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان، هەروەها زەوییەکان بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق دەگەڕێندرێنەوە.
بە گوێرەی گوتەی خەڵکی گوندی تۆپزاوە، زیاتر لە 35 هەزار دۆنم زەوی لە گوندی تۆپزاوە کێشەی لەسەرە، بەشێکیان دراوە بە وەزارەتی بەرگری عێراق و بەشێکی دیکەشیان کراون بە ناوی عەرەبی هاوردەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە (29ـی ئایاری 2023)، لە گوندی تۆبزاوەی باشووری كەركووك، سوپای عێراق رێگری لە دروێنەی جووتیارانی كورد کرد و دەستیشی بەسەر دەڕاسەیەکدا گرت و شۆفێرەكەشی دەستگیرکرد.
جووتیارێكی گوندەكە بە كوردستان24ی راگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا لەكاتی دروێنەكردن هێزێكی سوپای عێراق هاتن و پێیان گوتین بەهیچ شێوەیەك رێگە نادرێت دروێنەی بەرووبوومەكانتان بكەن و بەزەبری هێز ئیشەكانیان پێڕاگرتین و دەستیشیان بەسەر دەڕاسەكەدا گرت و شۆفێرەكەشیان دەستگیركرد".
ئەو جووتیارە داوای كرد، سەركردایەتی كورد و نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەپەلە بێنەسەرخەت و كێشەكەیان چارەسەر بكەن، بۆ ئەوەی رەنجی ساڵێكیان بەفیڕۆ نەچێت.
لەسەر سكاڵای عەرەبە هاوردەكان كە گرێبەستی سەردەمی بەعسیان هەیە، سوپای عێراق لە سنوورەكە لە دژی هاووڵاتیان و جووتیارانی كورد وەستاونەتەوەو رێگری لە كاری كشتوكاڵی دەكەن.