فەهیم عەبدوڵڵا: ئەو نەوە سیاسییەی ئێستا عێراق بەڕێوەدەبات رێککەوتنە سیاسییەکان جێبەجێ ناکات

K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک پێیوایە نەوەیەکی سیاسی لە عێراق پێگەیشتووە ئەو رێککەوتنە سیاسییانەی لە دوای ساڵی 2003 لە نێوان لایەنە سیاسییەکان واژوو کراون، پێشێل دەکات. ئاماژەی بەوەش دەدات، پێویستە کورد یەکگرتوو بێت بۆ ئەوەی بە مافە دەستوورییەکانی بگات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 31ـی ئایاری 2023، فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک لەبارەی دەستکاریکردن لە بڕگەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی نادەستووریبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو عێراقەی لە دوای ساڵی 2003ـەوە دامەزرێندراوە بە رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییە کورد، سوننە و شیعەکان خەریکە لەناو دەچێت و ئەو نەوە سیاسییەی ئێستا وڵاتەکە بەڕێوەدەبات سەرجەم رێککەوتنەکان پێشێل دەکات.
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، نەبوونی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی لە بەغدا و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان وایکردووە بەردەوام هەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بدەن و مافە دەستوورییەکان گەلی کوردستان پێشێلبکەن.
وەکو ئەوەی فەهیم عەبدوڵڵا باسی دەکات، لایەنە سیاسییە سوننە و شیعەکانی عێراق هەر چەندە بە شێوەیەکی بەردەوام ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە و لەسەر زۆرێک لە پرسەکان بیڕوڕای جیاوازیان هەیە، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر هەرێمی کوردستان، هەموویان یەکدەنگ و یەکگرتوو دەبن، پێچەوانەی لایەنە کوردەکان، کە لە پرسە چارەنووسسازەکاندا یەکگرتوو نین.
رۆژی سێشەممە 30ـی ئایاری 2023، دادگای فیدراڵی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوە دا، درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی پێنجه‌م به نایاسایی بڕیاری له‌سه‌ردراوه و رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی دوای ته‌واوبوونی چوار ساڵی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌ركراون، به بڕیاری پووچه‌ڵ هه‌ژمار ده‌كرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، به‌گوێره‌ی یاسای ژماره 11ـی ساڵی 1992ـی هه‌مواركراوی ساڵی 2005، له ده‌ستووری عێراق، ته‌مه‌نی هه‌ر خولێكی په‌رله‌مانی كوردستان نابێت له 4 ساڵ زیاتر بێت و له یه‌كه‌م دانیشتنی ساڵی یه‌كه‌می هه‌ر خولێكه‌وه ده‌ستپێده‌كات، تا دوایین دانیشتنی ساڵی چواره‌می ته‌مه‌نی، بۆیه درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی ساڵی پێنجه‌م ناده‌ستوورییه و هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ش كه دوای ته‌واوبوونی ته‌مه‌نی یاسادانان لێیه‌وه ده‌ركراون، به پووچه‌ڵكراو داده‌نرێن.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە کاتێدایە پێشتر چوار جار دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر پرسی ده‌ستوورییبوون و دەستوورینەبوونی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی پێنجەمی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی ساڵێك، دانیشتنه‌كانی دواخستووە.
رۆژی شەممە 9ـی ئۆکتۆبەری 2022، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسند کرد. بەو پێیەش خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ساڵی 2023 لەسەرجەم کار و ئەرکەکانی بەردەوام دەبوو.
رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری ژمارەیەک بڕگەی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی عێراق کرد و گۆڕی. نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتیان کرد و سوننەکانیش دەنگیان بۆ نەدا. نوێنەرەکەی یەکگرتوو تەنیا دەنگی بە بڕگەی دانەوەی 10%ی مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران دا، لەبەرامبەر نوێنەری یەکێتی و سەرجەم پەرلەمانتارانی شیعە دەنگیان بەو گۆڕانکاریانە دا.