جوتیار عادل: داوامان کردووە پاشەکەوتی مووچە هەمووی بەسەریەکەوە بدرێتەوە فەرمانبەران
K24 - هەولێر
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە هەموو گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق، داوای ئێمە ئەوە بووە پاشەکەوتی مووچە هەمووی بەسەریەکەوە بۆ فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە، نەک بکرێتە ساڵانە و رێژەی بۆ دیاری بکرێت، بەداخەوە هەندێک لایەن و گرووپ بەشێوەیەکی تر باسی ئەو بابەتە دەکەن و بۆ موزایەدە و بەلاڕێدا بردنی رای گشتی بەکاری دێنن.
جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردن لە رووماڵی تایبەتی کوردستان24 لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پشکی هەرێم لە بودجە و دەستبردن بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو گۆڕانکارییەی کە لە لیژنەی دارایی لە پشکی هەرێمی کوردستان کراوە، پێچەوانەی دەستوورە، لە هەمانکاتدا پێچەوانەی ئەو رێککەوتنەیە کە لەنێوان هەردوولادا کراوە".
گوتیشی: "ئێمە جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دەکەینەوە، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەردوولا، لەو بڕوایەداین ببێتە هەوێن و بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لەنێوان هەردوولادا هەن، هاوکات دەبێتە بنەمایەک بۆ یاسای بودجەی عێراق، کە بەداخەوە ئەو گۆڕانکاریانەی کراون پێچەوانەی ئەو رێککەوتنەن کە کراوە، دەبێ لە بودجەدا ئیستحقاقات و مافی هەردوولا لە بودجەدا دیاری بکرێت بەپێی دەستوور، ناوەرۆکی رێککەوتنەکەش باسکردنە لە ئەرک و پابەندییەکان و مافەکانی هەردوولامان".
جوتیار عادل، دەڵێ: "بە سیاسیی کردن و بە لاڕێدابردنی ئەو بابەتە لە قازانجی هیچ لایەکماندا نییە، بەداخەوە هەرکاتێک کەشێکی ئەرێنی لەنێوان هەردوولا بێتە ئاراوە هەندێک گرووپ و لایەن دەیانەوێت تێکیبدەن، بەڵام ئەگەر ئیرادەی بەهێز لەلایەن هەردوو حکومەت هەبێت دەتوانن ئەو گرفتانە تێپەڕێنن، پێویستە لایەنە ساسییەکانیش هاوکاربن، چونکە ئەو رێککەوتنە گوازشت لە لایەنێک ناکات بەڵکو لە دوو حکومەت دەکات".
دەشڵێت: "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورین لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و ئەو پرەنسیپانە دەکەینەوە کە حکومەتی عێراقی لەسەر پێکهێنرا".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند: "محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەوەدایە کە رێککەوتنەکە وەکوخۆی جێبەجێ بکرێت، ویستێکی باشی هەیە چارەسەرکردنی هەموو گرفتەکان".
دەربارەی ئەو بڕگەی لە پڕۆژەیاسای بودجە گۆڕانکاری تێدا کراوە، کە رێپێدراوە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەن، جوتیار عادل دەڵێ: "ئەو بڕگەیە مەبەست لێی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان".
لەبارەی پاشەکەوتی مووچە، گوتەبێژی حکومەت، گوتی: "بابەتی قەرەبووکردنەوەی ئەو هەموو مووچەی کە پێشتر حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی نەناردووە و بودجەی بڕیوە، لە ماددەی 13ی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە باسی قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو ئیستحقاقانە دەکات کە لەسەر حکومەتی عێراقە، بەشێکی پاشەکەوتی مووچەیە و داوای ئێمە ئەوە بووە هەمووی بەسەریەکەوە بۆ فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە، نەک بکرێتە ساڵانە و رێژەی بۆ دیاری بکرێت، بەداخەوە بەشێوەیەکی تر باسی ئەو بابەتە دەکرێت، شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بەردەوام لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگێڕدرێتەوە، بەداخەوە ئەو بابەتە بۆ هەندێک موزایەدەی سیاسی و بەلاڕێدابردنی رای گشتی بەکاردەهێنرێت".
گوتیشی: "وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام گوتومانە کە دەبێ پاشەکەوتی مووچە بۆ فەرمانبەران بگێردرێتەوە، کە ئەمە مافێکی رەوای خۆیانە، لە هەموو دانیشتن و گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتی عێراق، داوامان کردووە جگە لە پاشەکەوتی مووچە خۆران، خەڵکی دیکەی زیانلێکەوتووی هەرێمی کوردستان قەرەبوو بکرێنەوە، کە بەهۆی رژێمی پێشووی عێراق زیانی زۆریان بەرکەوتووە".
جوتیار عادل، جەختیکردەوە: "هەڵوێست و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کورستان روونە کە بەرگریکردنە لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان و سازش لەسەر مافە دەستوورییەکان ناکەین".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: "حکومەتی هەرێم یەک ئامانجی هەیە ئەویش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، بۆیە داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین پاڵپشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیاری سەرۆکی هەرێم بکەن، بۆ ئەوەی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".
لەبارەی کۆبوونەوەی دوێنێیان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان، جوتیار عادل گوتی: "بەلای ئێمەوە گرنگ بوو کە پەیامەکانی حکومەت بەشێوەیەکی فەرمی سەبارەت بەو پێشهاتە سیاسییانە بە دۆستەکانی هەرێمی کوردستان رابگەیەنین، دوێنێ لەسەر پێشنیازی سەرۆکی حکومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی بە ئامادەبوونی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قسە و باس لەسەر ئەو پێشهاتە سیاسیانە کران، بەتایبەت لەمساڵدا کە لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتین بە رێککەوتن، وردەکاری رێککەوتنەکە خرایەڕوو، لە هەمانکاتدا روئیا و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو پێشهاتە سیاسیانە خرایەڕوو، هەروەها پێشنیاز و روئیای حکومەت بۆ ئایندە کە پێویستە پشتی پێ ببەسترێ، ئەمەش شیکرایەوە، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان رامانگەیاند، پابەندی ئەو رێککەوتنەین کە لەگەڵ حکومەتی سوودانی کراوە، هەروەها پابەندین ئەو وەرەقە سیاسیەین کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەردرا، لە بەرژەوەندی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەی لەنێوان هەردوو حکومەت هەیە و لە چوارچیوەی دەستووردا، کە بە ئارەزووی هەردوولا واژۆکراوە نەک سەپێنرابێت بەسەر لایەک یان تەنیا لە بەرژەوەندی لایەک بێت، بۆیە بە ئیرادەیەکی ئازادانە هەردوو حکومەت واژۆیان کردووە و باوەڕیشیان بە وردەکاری ئەو رێککەوتنە هەبووە، خۆشبەختانە نوێنەری وڵاتان لە کۆبوونەوەکەدا پاڵپشتی خۆیان بۆ هەردوو حکومەت راگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە و دەستوور".