رۆژنامەیەکی بەریتانی: فڕۆکەی ئێف-16 کاریگەریان بۆ هێرشەکەی ئۆکرانیا نابێت

K24 - هەولێر
رۆژنامەی "زە تێلێگراف"ی بەریتانی رایگەیاند، بەدووری دەزانێت ئەو فڕۆکە شەڕکەرانەی "ئێف 16" کە رۆژئاوا بەڵێنی بە ئۆکرانیا داوە، کاریگەرییان لەسەر هێرشی پێچەوانە هەبێت کە کیێڤ پلانی بۆ داناوە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، "بەپێی هەندێک خەمڵاندن، لانیکەم چوار مانگی دەوێت بۆ راهێنانی فڕۆکەوانەکان، هەرچەندە هەندێک پێشبینی بە کاتێکی زیاتر دەکەن، هەروەها پێویستیان بە پشتیوانی میکانیکی و زەمینی و لۆجستیکی پێویست دەبێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەدوور دەزانرێت فڕۆکەی "ئێف 16" رۆڵی هەبێت لە هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئۆکرانیا بۆ سەر رووسیا.
لە هەمان کاتدا رۆژنامەی "زە تێلێگراف"ی بەریتانی لە راپۆرتەکەیدا پشتڕاستی کردەوە، "کە شارەزایان ناردنی فڕۆکە جەنگییە ئەمەریکییەکان بۆ کیێڤ بە گونجاو نازانن، چونکە فڕۆکەکان کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمانی بە ئۆکراینییەکان نابەخشن".
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە 21ی ئایاردا، لە دوای کۆبوونەوەی لوتکەی گرووپی " G7" لە شاری هیرۆشیما، رایگەیاند، رۆژئاوا دەست دەکات بە مەشقپێکردنی فڕۆکەوانانی ئۆکرانی بۆ فڕۆکەی ئێف 16.
هەروەها یاریدەدەری بایدن بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی جەیک سولیڤان رایگەیاند، کە واشنتن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان گفتوگۆ دەکات کە ئەم فڕۆکانە دەگوازنەوە بۆ کیێڤ.