رووماڵ

حەیدەر لامی: هەندێک لایەن بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دروست دەکەن

حەیدەر لامی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا
حەیدەر لامی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا

K24 - هەولێر

سەرکردەیەکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەو رێککەوتنە سیاسییەی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژووی کردووە، بەڵام هەندێک لایەن هەن بەربەست بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دروست دەکەن کە "ئەمەش لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا نییە."

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ـی ئایاری 2023، حەیدەر لامی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی ئێستای عێراق بە رێککەوتن لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە، بۆیە بۆ ئەوەی وڵاتەکە ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، پێویستە رێککەوتنە سیاسییەکان جێبەجێ بکرێن.

حەیدەر لامی بە پێویستی دەزانێت ئەو رێککەوتنە سیاسییەی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی واژوو کرا، جێبەجێ بکرێت و دەڵێت، "بۆ جاری یەکەمە هەولێر بەم شێوە چالاکە بەشداری لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا بکات، بۆیە هەر بڕگەیەک کە پەیوەست بێت بە پشکی هەرێم پێویستە بە رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان پەسەند بکرێت".

حەیدەر لامی روونیشیکردەوە، هەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق هەن نایانەوێت وڵاتەکە ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، نایەنەوێت رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ بکرێن، بەردەوام هەوڵدەدەن گرژی و ئاڵۆزی بنێنەوە. ئەو چەندەش تەنها لە بەرژەوەندی خۆیاندایە نەک گەلی عێراق. گەلی عێراق ئارامی، سەقامگیری و خزمەتگوزارییەکانی دەوێت نەک ململانێی سیاسی.

ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکرد، "پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 زۆر دواکەوتووە. بودجە ڕەگی ژیانە بۆ کۆمەڵگەی عێراقی لەپێناو پێشچوون و لەپێناو خزمەتکردنیشدا، بەتایبەت کە دروشمی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، خزمەتکردنی هاووڵاتییان بووە، بۆیە پەسەندنەکردنیی دەبێتە هۆی ئەوەی گەلی عێراق ئەوە بەدەستبهێنێت کە پێویستییەتی."

بەگوتەی حەیدەر لامی ئەو لایەنە سیاسییانەی عێراق کە هەوڵدەدەن پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای عێراق دوابکەوێت، ئەوانەن کە ئامانجی سەرەکییان تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و  هەرێمی کوردستان و ئەو کەشە ئەرێنییەیە کە ئێستا لە نێوان هەردوولا هاتووەتە ئاراوە و، وەکو خۆی دەڵێت، دواکەوتنی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە.

رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری ژمارەیەک بڕگەی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی عێراق کرد و گۆڕی. نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتیان کرد و سوننەکانیش دەنگیان بۆ نەدا. نوێنەرەکەی یەکگرتوو تەنیا دەنگی بە بڕگەی دانەوەی 10%ی مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران دا، لەبەرامبەر نوێنەری یەکێتی و سەرجەم پەرلەمانتارانی شیعە دەنگیان بەو گۆڕانکاریانە دا.