جەمال کۆچەر: چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر ماددەی 14ـی بودجە بدرێت

K24 - هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، گۆڕانکارییەکانی نێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پێچەوانەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە و ئەگەر ئەو رێککەوتنە نەمێنێت، حکومەتی ئێستا عێراقیش هەڵدەوەشێتەوە. ئاماژە بەوەش دەدات، چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر ماددەی 14ـی بودجە بدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 31ـی ئایاری 2023، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەرکردە سیاسییەکانی عەسائیب ئەهلی حەق بە راشکاوەیی گوتوویانە، ئەوان هەندێک ئەندامی لیژنەی داراییان هانداوە گۆڕانکاری لە ژمارەیەک بڕگەی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە پێیان وابووە، هەندێک بڕگە هەڵەیان تێدایە و، پێویستییان بە راستکردنەوە هەیە.
وەکو جەمال کۆچەر ئاماژەی پێ دەدات، "ئێستا باڵانسی هێز لە نێو پەرلەمانی عێراق گۆڕاوە، دوای کشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر، پەرلەمانتارەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق شوێنەکانیان پرکردنەوە و لە دەرەوەی عێراقیش ئێستا ئەوان نوێنەرایەتی ئێران دەکەن، لە کاتێکدا پێشتر هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بوو. سوودانیش تا رادەیەک چووەتە بەرەی قەیس خەز عەلی و عەسائیبی ئەهلی حەق و خۆی یەکلاکردووەتەوە، لە ناوخۆی عێراقیش هێز و پاڵپشتیی زۆری هەیە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە بڕگە و ماددەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە نێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دژی رێککەوتنی نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، ئەو رێککەوتنەی حکومەتی ئێستای عێراقی لەسەر دامەزرێندراوە. ئەگەر ئەو رێککەوتنە نەمێنێت، حکومەتی سوودانیش نامێنێت. ئەوەی ئێستاش هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە، تەنها ئەو رێککەوتنەیە.
بەگوتەی جەمال کۆچەر، ماددەی 13ـەم لە پڕۆژەیاسای عێراق لەلایەن ئەندامانی لیژنەی داراییەوە دەنگی لەسەر دراوە و تێپەڕێندراوە و چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر ماددەی 14ـەش بدرێت و کێشەکانی سەبارەت بەو ماددەیە چارەسەر بکرێن، چونکە فشاری نێودەوڵەتی و ناوخۆییش بۆ تێپەڕاندنی ئەو ماددە هەیە و داواش دەکرێت پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە زووترین کاتدا پەسەند بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بە کۆمەڵێك گۆڕانکاری دژی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەنگی لەسەر ماددەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵیدا کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان.
لە ماددەی 13 بڕگەی دووەم خاڵی جیم دەستەواژەیەك زیادکراوە کە دوای جێبەجێکردنی خاڵەکانی تایبەت بە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و داهاتە نانەوتییەکان و وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئەوکات وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.
هەروەها لە ماددەی 14 گۆڕانکاری لە بەشێك لە خاڵەکان کراوە و پێنج خاڵی دیکەش زیادکراون کە بریتین لە خاڵەکانی (8-9-10-11-12)، لە خاڵی یەکەم کە گۆڕانکاری تێدا کراوە هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەستێ بە دانانی کۆی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی کە بانکی ناوەندی عێراق دەیکاتەوە و وەزارەتی دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنی دەدات بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بهپێی ئهم گۆڕانكاریەش پێگهی دهستووریی ههرێم وهك فهرمانگهیهكی ناوهراست و باشوور حسابی بۆ كراوە، نەک وەک هەرێمێکی دەستووری.
لە خاڵی هەشت هاتووە لەکاتی بوونی ناکۆکی لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەوا 15 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئەگەر چارەسەریش نەکرا ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم رادەگیرێت ئەمەش واتە مەقەستی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم هەمیشە تیژ و ئامادەییە.
لە خاڵی نۆی ماددەی 14ـی بودجەدا هاتووە حکومەتی هەرێم نابێت جیاکاری لە نێوان پارێزگاکان لە خەرجکردنی مووچە بکات بە پێچەوانەوە حکومەتی بەغدا راستەوخۆ مووچە بۆ ئەو پارێزگایە دەنێرێت کە گازندەی هەیە.
هەروەها لە خاڵی 10، حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم پابەندن بەوەی رێگری بکەن لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەمەش بە واتای رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە و شێخان دێت و لەو کاتەش بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان ناگاتە 200 هەزار بەرمیل کە لە ماددەی 13 هەرێمی کوردستان ناچارکراوە ئەگەر 400 هەزار بەرمیل رادەست نەکات شایستە داراییەکانی هەرێم نانێردرێت.
لە خاڵی 11ـشدا هاتووە کە حکوماەتی فیدراڵی پابەندە بە بەشداریکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و لە خاڵی 12ـش حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارکراوە کە لە بەشە بودجەی خۆی لانی کەم 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران خەرج بکات.
ئەم گۆڕانکاریانەی کە لە ماددەی 13 و 14ـدا هاتووە پێچەوانەی ئەو دەقەیە کە حکومەتی عێراق رەوانەی پەرلەمانی کردووە و ئامانجیش لەو گۆڕانکارییانە لاوازکردنی و دابەشکردن و پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستانە.