ئەڵمانیا داوا لە رووسیا دەکات چوار کونسوڵخانەی خۆی لەو وڵاتە دابخات

K24 - هەولێر

حکومەتی ئەڵمانیا، داوای لە رووسیا کرد تا کۆتایی ئەمساڵ چوار کونسوڵخانەی خۆی لەو وڵاتە دابخات.

کریستۆفەر بورگەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بەرلین باسی لەوە کرد کە لە مانگی نیساندا، رووسیا بڕیاریداوە ژمارەی دیپلۆماتکاران و کارمەندانی ئەڵمانیا لە رووسیا بۆ 350 کەس کەم بکاتەوە. ئەم کەسانەش بریتین لە کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەڵمانیا و ئەو هاووڵاتییە ئەڵمانانەی لە قوتابخانە ئەڵمانییەکان و پەیمانگای گۆتە کار دەکەن.

بورگەر جەختی لەوەش کردەوە کە "حکومەتی رووسیا هەنگاوێکی دیکەی ناوە بەرەو زیادکردنی گرژییەکان"، ئەم بڕیارەی رووسیاش حکومەتی ئەڵمانیای ناچار کردووە هەموو بوارەکانی لە رووسیا، سنووردار بکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی بەرلین ئامانجییەتی بوونی دیپلۆماسی خۆی لە کەمترین ئاستدا لە رووسیا درێژە پێبدات، بڕیاریانداوە تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەم، سێ کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە رووسیا دادەخەن.

کریستۆفەر بورگەر جەختی لەوەش کردەوە کە تەنها باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە مۆسکۆ و کۆنسۆڵخانەی سان پێتێرسبورگ بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، گوتیشی: "بەمهۆیەوە بڕیارماندا لە کۆی پێنج کونسوڵخانەی رووسیا لە ئەڵمانیا، مۆڵەتی کارکردن لە چواریان بسەنینەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئەوەشی ئاشکرا کرد، بڕیارەکەیان بە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیاندووە، داوایان لێکردووە بەخێرایی دەست بە کارەکانی بکات و تا 31ی کانوونی یەکەمی 2023، کارەکانی داخستنی کونسوڵخانەکان کۆتایی بێن.

Fly Erbil Advertisment