یەکەمین باندجی زیرەک بۆ دژە بەکتریا دروست کرا

باندجی زیرەک
باندجی زیرەک

K24 - هەولێر

تیمێکی توێژەران لە بەریتانیا و فەرەنسا یەکەمین باندجی زیرەکیان دروستکردووە کە بە تیشکی سەروو بنەوشەیی تەیار کراوە بۆ رێگریکردن لە گەشەی بەکتریا بەکاردەهێنرێت.

تیشکی سەروو بنەوشەیی لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت بۆ تەعقیمکردنی ئامێرەکانی نەشتەرگەری و چارەسەرکردنی برینەکان، لەبری دەرمان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە خاوکردنەوەی جۆرە نوێیە مەترسیدارەکانی بەکتریای بەرگریکارەکانی دژە زیندەیی.

لە توێژینەوەکەیاندا، کە رۆژی سێشەممە،30ی ئایاری 2023، لە گۆڤاری" ترانکسشین ئاون بایۆمیدیکال سیرکیتس ئاند سیستەمز" بڵاوکرایەوە، توێژەران ئاشکرای دەکەن، کە چۆن ئەو باندجە زیرەکەیان دروستکردووە، بۆ ئەوەی رووناکیەکەی کاربکات لەگەڵ تیشکی سەرووبنەوشەیی بەبێ ئەوەی پێویستی بە پاتری هەبێت، بۆ ئەوەی وەک چارەسەری دژە بەکتریا کاربکات.

لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکاندا، توێژەران نموونەی جۆری (D41)ی بەکتریای گرام نێگەتیڤەکانیان بە ناوی"Pseudoalteromonas" کەوتە بەر تیشکی سەروو بنەوشەیی کە لەلایەن باندجی زیرەکەوە دابینکراوە، و پشکنینەکان دەریانخستووە کە باندجی زیرەک دەتوانێت گەشەی بەکتریاکە خاو بکاتەوە و بیوەستێنێت، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر لە ماوەی شەش کاتژمێر لەناو دەبات. توێژەرەکان پێشنیازیان کردووە، کە ئەو باندجە سوودی دەبێت، لە ناوەندەکانی پزیشکی بۆ دژە بەکتریا و برینی نەخۆیشیە درێژخایەنەکان.

راپۆرتێک کە لە ماڵپەڕی زانکۆی گلاسکۆ بڵاوکراوەتەوە، کە توێژەری بەشدار لە توێژینەوەکە، ستیڤ بیبی دەڵێت: "بەکارهێنانی تیشکی سەروو بنەوشەیی بۆ لاناوبردنی ڤایرۆس و بەکتریاکان بەباشی ناسراوە، ئەمەش یەکەم کارە بۆ تێکەڵکردنی چرای سەروو بنەوشەیی (LED) بۆ ناو باندجێک و ئاشکراکردنی کاریگەرییەکانی.

مەحمود وەجیه، لە کۆلێژی ئەندازیاری جەیمس وات لە زانکۆی گلاسکۆ، کە سیستەمی گەیاندنی کارەبای بێ وایەری بۆ باندجی زیرەک پەرەپێداوە، روونی دەکاتەوە: "پاترییە تەقلیدییەکان گەورەن، نەگۆڕن و پێویستە بە گۆڕینێکی رێک و پێک هەیە".

 

Fly Erbil Advertisment