پەرلەمانی نوێی تورکیا دەستبەکاربوو

پەرلەمانی تورکیا
پەرلەمانی تورکیا

K24 – هەولێر:

پەرلەمانی نوێی تورکیا دەستی بە کارەکانی کرد، بۆ ئەو مەبەستەش رێوڕەسمی دەستپێکردنی کارەکانی خولی 28ـەمینی پەرلەمان لە پێش پەیکەری مستەفا کەمال ئەتاتورک لە گۆڕەپانی سەرەکی پەرلەمان بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ (هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی نوێی تورکیا دەستی بە کارەکانی کرد، لە رێوڕەسمەکەدا مستەفا شانتوپ، سەرۆکی پەرلەمان بەشێوەیەکی کاتی پۆستەکەی رادەستی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی چەپی نەتەوەیی کرد وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتارانیش سوێندی یاساییان خوارد.

مستەفا شانتوپ لە گوتارێکدا کە لە رێوڕەسمەکەدا پێشکەشیکرد، رایگەیاند، خولی 28ـمین پەرلەمان بەسەرکەوتوویی و پێگەیشتوویی کارەکانی دەستپێکرد، هاوکات هیوای سەرکەوتنی بۆ خولی نوێی پەرلەمان خواست.

لەلای خۆیەوە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی کاتی پەرلەمانی تورکیا لە وتەیەکدا رایگەیاند "هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەم کاتێک پۆستی سەرۆکایەتیکردنی پەرلەمان وەردەگرم، ئەمە شەرەفێکی گەورەیە لە بەردەم پەرلەمانێکدام، کە هەڵبژاردنەکانی لە چوارچێوەی یاسا ئەنجام درا".

رۆژی یەکشەممە (28ـی ئایاری 2023)، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەچوو، میدیا تورکییەکان بڵاویانکردەوە کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 84%.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار رێژەی 52.2%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت رێژەی 47.8%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

لەبارەی ژمارەی دەنگەکانیش، لە گەڕی دووەمدا، ئەردۆغان تا رێژەی جیاکردنەوەی 99.9%ـی دەنگەکان، 27 ملیۆن و 725 هەزار و 131 دەنگی بەدەستهێناوە، هەروەها کڵچدارئۆغڵو، 25 ملیۆن و 432 هەزار و 951 دەنگی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی دەستووری نوێی ئەو وڵاتە، سیستەمی تورکیا سەرۆکایەتییە و سەرۆکی هەڵبژێدراو بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو سەرۆکایەتی تورکیا دەکات.

دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە (14ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک کە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نەیانتوانی دەنگی نیوەی زیاتری دەنگدەرانی وڵاتەکەیان بەدەستبهێنن، بۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، کەوتە گەڕی دووەم کە ئەمەش بووە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ببرێت.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش لە گەڕی یەکەم کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێنا، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتی بوو لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.

Fly Erbil Advertisment