شوان کەلاری: ئەوە گۆڕانکارییانەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێچەوانەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بوو

K24 - هەولێر:

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، ئەوە گۆڕانکارییانەی لە  لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روویدا پێچەوانەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بوو. هاوکات ئاشکراشیکرد، بڕیار وایە تا پێنجشەممەی داهاتوو بودجەی عێراق پەسەنبکرێت.

شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ئەو لایەنانەی کە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن دەزانن  ئەوەی بەشێک لە پەرلەمانتاران لە لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەنجامیانداوە پێچەوانەی دەستوورە .

هەروەها راشیگەیاند، نوخبەی سیاسی عێراق هەستدەکەن هەم کە ستەم لە هەرێمی کوردستان کراوە و هەم ستەم لە سەقامگیربوونی عێراق کراوە، هەروەها چاوەڕوان دەکرا لە سەرەتای دەستپێکردنی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، عێراق هەنگاوێک بچێتە پێشەوە و سەقامگیربێت، بە تایبەت کاتێک ئەو بودجە  زەبەلاحەی بۆ تەرخانکراوە.

شوان کەلاری، ئاماژەی بەوەدا، هەندێک لایەن دەستیان بە موازەیە کردوە تا خەڵکی شەقام لەخۆیان رازیبکەن، ئەگینا دانیشتنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق بە ئاراستەی چارەسەربووە، ئومێد دەکەین بەمزوانە بگەینە رێککەوتنی سەرتاسەری.

جەختی لەوەشکردەوە، هەنگاوی باشنراوە بۆ جیبەجێکردنی رێککەوتنەکە، هەروەها فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بەردەوام لە کۆبوونەوەی چڕدایە لەگەڵ لایەنەکان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەیانیش کۆبوونەوە ئەنجامدەدرێت بە ئومێدی گەشتنە رێککەوتن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لەوەشکرد، لە رابردوودا بێ متمانەیەک هەبوو لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، ئومێد دەکەین لە داهاتوودا ئەو بێ متمانەییە نەمێنێت، دوای ئەوەی کە هەموومان رێککەوتین لەسەر پرسی بودجە، هەروەها سوودانی تا ئەم کاتەش بیرکردنەوەی نیشتیمانیە و هەوڵی جێبەجێکردنی رێککەوتنە راستەقینەکەی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات.

روونیکردەوە، هەندێک لایەنی سیاسی عێراقی و وڵاتانی دەرەکی دەستوەردان دەکەن لە بارودۆخی عێراق، نایانەوێت بارودۆجی عێراق سەقامگیربێت، هەندێک جار لایەنی کوردیش دەچنە پاڵیان، وەکو ئەوەی بینیمان بەداخەوە لایەنێکی کوردستانی واژوویان لەسەر ئەو گۆارنکاریانەی دواییکرد.

شوان کەلاری ، لە بارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی بودجە گوتی، لە ئێستادا هەوڵەکان بەردەوامە بۆ پەسەندکردنی بودجە، لە هەموو حاڵەتەکان دەبێت تا پێنجشەمەی داهاتوو بودجە پەسەند بکرێتن، چونکە دوای پێنجشەمە پشوو دەستپێدەکات، پێموانیە بخرێتە دوای پشوو.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە هەژمارکردنی خزمەتی پێشمەرگایەتی ، ئاماژەی بەوەدا، پێشمەرگە لە دەستوری عێراقدا ناوی جێگیرکراوە، بەڵام دەستەی خانەنشینی عێراقی بە هیچ شێوەیک خزمەتی پێشمەرگایەتی هەژمار ناکات لە کاتێکدا خزمەتی جاشێتی قبوڵ دەکات، خزمەتی هێزی عێراقی قبوڵدەکات، تا مانگی یەکی ئەمساڵیش خزمەتی پێشمەرگایەتی هەژمار نەکراوە.

سەبارەت بەم رووداوانەی کە لە سنووری گوندەکانی پارێزگاری کەرکووک روویدا کە کورد نشینن، شوان کەلاری، رایگەیاند، ئەو تەعریبیەی ئێستا بە سیستەم دەکرێت، لە سەردەمی بەعسدا بوونی نەبوو، عەرەبی هاوردە بە ئاشکرا زەوی داگیردەکەن و تا وای لێهاتوە هێزی عێراقی بەشداری دەکەن، هاوشیوەتی 16ـی ئۆکتۆبەر هەروەکو چۆن کەرکووکیان داگیرکرد.

هەروەها گوتیشی: "هەموومان لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، هەروەها خودی شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق،  لەسەر هێڵە بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی جووتیارانی کورد".

Fly Erbil Advertisment