ئەمڕۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستپێدەکات

K24 – هەولێر
بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی پەروەردە ئەمڕۆ شەممە 3/6/2023، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی ( زانستی - وێژەیی- پیشەیی) دەستپێدەکات.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی رایگەیاند، کۆی گشتی ئەو قوتابیانەی بەشداری لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەکەن 117 هەزار و 364 قوتابی و خوێندکارن کە بەمشێوەیە:
زانستی: 75239
وێژەیی: 39113
پیشەیی: 3012
وەزیری پەروەردە، گوتیشی: "راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەکەوێتە دوای جەژنی قوربان، نامانەوێت لە جەژن قوتابیان تووشی سترێسی بن".
ئالان حەمە سەعید، گوتی: "رێگە بە قوتابیان نادرێت بژمێر (حاسبە) لەگەڵ خۆیان ببنە نێو هۆڵی تاقیکردنەوەکان، چونکە بۆ هەر قوتابییەک بژمێرێک تەرخانکراوە لەناو هۆڵەکان".
سەبارەت بە بڕینی هێڵی ئینتەرنێت لەکاتی تاقیکردنەوەکان، گوتی: "لەکاتی پێویست هێڵی ئینتەرنێت دەبڕدرێت، بەڵام ئەمساڵ وەکو ساڵانی رابردوو ماوەی بڕینی هێڵی ئینتەرنێت زۆر نابێت، بەڵام کەمتر دەبێت".
وەزیری پەروەردە، راشیگەیاند: "پێویستە لەماڵەوە و لە هۆڵی تاقیکردنەوەکانیش کەشێکی ئەرێنی و گونجاو بۆ قوتابیان و خوێندکاران فەراهەم بکرێت، هەروەها پێویستە تەواوی رێکارەکانی پشکنین ئەنجام بدرێت و رێنماییەکان جێبەجێبکرێن، بۆ ئەوەی دادپەروەری بەدی بێت".
لەبارەی پڕوپاگەندەی هەندێک کەس لە سۆشیال میدیا بۆ کڕین و فرۆشتنی پرسیارەکان، ئالان حەمەسەعید، دەڵێ: "تا کاتی دەسپێکردنی تاقیکردنەوەکان پرسیارەکان لەبەر دەستی هیچ کەسێک نین تەنیا لیژنەی دانانی پرسیارەکان نەبێت، ئەوەی دەگوترێت و ریکلامی بۆ دەکرێت هیچ بنەمایەکی نییە و جۆرێکە لە پارە پەیداکردنی ناشەرعی".
ئاشکراشی کرد: "ئیجرائات لەگەڵ بەشێک لەو کەسانە کراوە و بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایش باند دەستگیرکراون، ئیجرائاتی کراوە و خەڵکیشمان داوەتە دادگا، کەیسێکمان هەبوو تۆمەتبارەکە سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو".