هاووڵاتییەکی عێراقی لە ئەمەریکا بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین سزادرا

K24 - هەولێر:
دەزگای دادوەری ئەمەریکا سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر هاووڵاتییەکی عێراقی بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تەقەمەنی نایاسایی لە شاری دیترۆیت لە ویلایەتی میشیگان راگەیاند.
لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی دادی ئەمەریکا ، ئاماژەی بەوەکردووە، فایریس ئەلحەکیم، هاووڵاتییەکی عێراقیە تەمەن 43 ساڵە، لە مانگی حوزەیرانی 2021 نامەیەکی کورتی هەڕەشە ئامێزی ناردووە کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ژنەکەی تێدابووە کە بە دەمانچە هەڕەشەی لێدەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر لێکۆڵەران لە ژووری نوستنەکەی ئەلحەکیم شەش چەکی ئاگرین و 34 مەخزەنی دەمانچەیان دۆزیوەتەوە کە حەوت دانەیان توانای بەرزیان هەبووە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە دوو هەزار و 600 گولەی تەقەمەنی هەبووە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا پشتڕاستکراوەتەوە، کە ناوبراو پێشتر چەند جارێک بەتۆمەتی تاوانکاریی جۆراوجۆر دەستگیرکراوە، لەوانە دەستدرێژیکردن، دزیکردن، توندوتیژی خێزانی و هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هاووڵاتییە عێراقییە لە کانونی دووەمی ئەمساڵ لەبەردەم دادگای فیدراڵی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، هەروەها ئەلحەکیم دوای کۆتایی هاتنی سزاکەی بۆ هۆڵەندا دیپۆرت دەکرێتەوە.