بەهۆی داڕمانی کانێکی زێڕ 12 کەس گیانیان لەدەستدا

کرێکارانی کانەکانی زێڕ(ئەرشیف)
کرێکارانی کانەکانی زێڕ(ئەرشیف)

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی تیمەکانی فریاگوزاری لە فەنزوێلا رایگەیاند، لە کانێکی داخراوی زێڕ لە شاری ئێل کالاو لە باشووری رۆژهەڵاتی ڤەنزوێلا کە ناوچەیەکی کانەکانی زێڕە، 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.

جەنەڕاڵ ئێدگار کۆلینا ریێس، ئەمینداری گشتی ئاسایشی هاووڵاتییان لە ویلایەتی بۆلیڤار لە فەنزوێلا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "تا ئەمڕۆ 12 کەس گیانی لەدەستداوە"، ئاماژەی بەوەشکرد" کانەکە ماوەیەکی زۆرە داخراوە".

کۆلینا ریێس ئاشکرای کرد، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، کانەکە بەهۆی باران و لافاوەوە داڕماوە کە بەهۆیەوە کرێکارەکان ئۆکسجینیان نەماوە و گیانیان لەدەستداوە.

هەمان سەرچاوە دەڵێت: رۆژی هەینی پێنج تەرم دۆزراونەتەوە و رۆژی شەممەش حەوت تەرمی دیکە دۆزراونەتەوە، بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەکانیشیان تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادی کراون.

گەڕان بەدوای زێڕ و کانەکان لە باشووری ڤەنزوێلادا باو و ئاساییە. کرێکارانی ئەم کانانە زۆرجار لە بارودۆخێکی سەختدا کاردەکەن و رووداوەکان لە کاتێکدا روودەدەن کە باندە تاوانکارەکان بەشێکی زۆری ئەم کەرتەیان کۆنترۆڵکردووە.

Fly Erbil Advertisment