سوپای عێراق ژمارەیەک جووتیاری کورد لە سنووری سەرگەڕان دەستگیر دەکات

K24 - هەولێر

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، سوپای عێراق بەهێزێکی زۆرەوە هەڵیکوتایە سەر گوندی شەناغەی سەربە شارەدێی سەرگەڕان و ڕەشبگیری لە بەرامبەر جووتیارانی کورد ئەنجامدا و دەیان کەسیان لە ماڵەکانی خۆیان دەستگیرکرد.

لەوبارەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی حوزەیرانی 2023، محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە کوردستان24ی راگەیاند، سوپای عێراق هەلیکوتاوەتە سەر گوندی شەناغە و تائێستا 12 جووتیاری کوردیان دەستگیر کردووە بە بیانووی ئەوەی کاری کشتوکاڵیان ئەنجامداوە کە سوپا چەند رۆژێکە قەدەغەیکردووە.

محەممەد ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی ناوچەکە تەنیا کاری کشتوکاڵ دەکەن شک بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن و ناتوانن دەستبەرداری ببن.

بەگوتەی نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان، "فشاری سوپای عێراق بۆ ئەوەیە گوندەکان چۆڵبکەین و دواتر عەرەبی هاوردەبێن و دەستی بەسەردا بگرن". داواش دەکات سەرکردایەتی سیاسی کورد بەزووترین کات دەستوەردان بکەن و کۆتایی بە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەیان بهێنن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، "دۆخەکە زۆر خراپە و هاوشێوەی سەردەمی بەعس سوپا هاوڵاتی کورد دەستگیردەکەن و سوکایەتی پێدەکەن هۆکارەکەشی تەنیا ئەوەیە کە کوردن."