عه‌لی ده‌فاعی: بەرچاوڕوونی هەیە لە رێککەوتنی نێوان پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی

عه‌لی ده‌فاعی، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی
عه‌لی ده‌فاعی، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی

K24 - به‌غدا:

گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاربوو ئه‌مڕۆ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌باره‌ی پرسی مادده‌كانی 13 و 14ـی بودجه‌ی گشتی عێراق كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان، كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخرا.

دكتۆر عه‌لی ده‌فاعی گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 4ـی حوزه‌یرانی 2023)، هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی له‌باره‌ی پرسی مادده‌كانی 13 و 14ـی بودجه‌ی گشتی عێراق، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان، کۆببێتەوە و چۆنێتی پەسه‌ندکردنی ئەو دوو ماددەیە یەکلا بکرێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

گوتیشی: "قۆناغێکی باش لە گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی کوردیدا تێپەڕیووه‌ و بەرچاوڕوونی هەیە لەرێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی دیموکراتی کوردستان".

ئاشکراشیکرد، رێککەوتنە نوێکە زۆر نزیکە لە رێککەوتنی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، تەنیا چەند بڕگەیەک ماوە کە رێککەوتنی لەسەر بکرێت.

دوای پەسەندکردنی هەردوو ماددەی 13 و 14ــی پرۆژەیاسای بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە تایبەتە بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە رەتکرایەوە، بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی ناوەڕۆکی کارنامەی کابینەکەی سوودانی و رێککەوتنی واژووکراوی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵییە.

دوای چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە، پێش چەند رۆژێک لەکۆتایی هاتنی گفتوگۆکان و ئامادەکاری بۆ دەنگدان لەسەر کۆی پرۆژەکە لەلایەن پەرلەمانەوە، چەند پەرلەمانتارێکی لیژنەکە پێشنیازی گۆرانکاری لەو دوو ماددەیەدا پێشکەش دەکەن کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەشەوە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کە وابڕیاربوو رۆژی شەممە (27ـی ئایاری 2023) ئەنجام بدرێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، بڕیاره‌ په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ندی بكات.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو، قەبارەی بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینار و کورتھێنان لە بودجەی ئەمساڵدا دەگاتە 63 تریلیۆن دینار.

 

 

Fly Erbil Advertisment