توێژینەوەیەک: یەکەم رۆژی کارکردن زیاتر ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لە ئارادایە

K24 - هەولێر:

توێژینەوەیەکی تەندروستی باس لەوە دەکات، پەیوەندییەکی بەرچاو لەنێوان یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی کار لەگەڵ جەڵتەی دڵدا هەیە.

توێژینەوەیەکی دامەزراوەی چاودێری تەندروستی و کۆمەڵایەتی بێلفاست و کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی نەشتەرگەری لە ئێرلەندا ئاشکرای دەکات، لە یەکەم رۆژی کارکردن لە سەرەتای هەفتەدا ئەگەری تووشبوونی کارمەندان بە نەخۆشی جەڵتەی دڵ لە %13 زیاترە.

یەکەم رۆژی کارکردن بەپێی رۆژژمێری زۆرینەی وڵاتانی رۆژئاوا، رۆژی دووشەممەیە، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق رۆژی یەکشەممەیە.

توێژینەوەکە پشتبەستووە بە داتای 10 هەزار و 528 نەخۆش کە لە ساڵانی 2013 بۆ 2018 زانیارییەکانیان تۆمار کراوە.

توێژینەوەکانی پێشوو ئاماژەیان بەوەداوە، تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لەیەکەم رۆژی کاردا پەیوەندی بە گۆڕانی رۆتینی رۆژانەوە هەیە، بە نموونە گۆڕانکاری لە سیستەمی خەودا  کاریگەری لەسەر تەندروستی دڵ دەبێت.

دکتۆر جاک لافان، سەرۆکی تیمی توێژینەوە و پزیشکی دڵ لە دامەزراوەی چاودێری تەندروستی و کۆمەڵایەتی بێلفاست باسی لەوەکرد، هەرچەندە پێشتر توێژینەوە لەو بارەیەوە کراوە، بەڵام ئەمە پرسێکە کە شایەنی توێژینەوەی زیاترە.

گوتیشی: "پێدەچێت پەیوەندییەکە چەندین هۆکاری هەبێت، بەڵام بە پشتبەستن بەو شتانەی کە لە لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا دەیزانین، ئێمە پێمان وایە کە رەنگە رۆتینەکانی رۆژانە رۆڵێکی بەرچاو بگێڕن".