ئەمڕۆ ئێران بەفەرمی باڵیۆزخانەی خۆی لە سعوودیە دەکاتەوە

باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز
باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، نزیکەی سێ مانگ دوای رێککەوتنی تاران و ریاز لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، بەپێی رێککەوتنێک باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە سعوودیە دەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە ریاز و سەرچاوە ئێرانییەکان لە تاران رایانگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 6ی حوزەیرانی 2023، ئێران دەرگای باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە سعوودیە دەکاتەوە.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانمان، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بە فەرمی باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز، کونسوڵخانەی گشتیمان لە جەددە و نووسینگەی خۆمان لە رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی دەکەینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوە وەک درێژەپێدەری پرۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە دێت بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان.

کەنعانی جەختی لەوەکردەوە، هەردوو باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز و کونسوڵخانەی گشتی لە جەددە پێشتر دەستیان بە چالاکییەکان کردووە، پێش ئەوەی حاجییە ئێرانییەکان بەرەو سعوودیە بڕۆن، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ رێکارەکانی گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە.

ریاز لە ساڵی 2016ەوە، دوای هێرشکردنە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ئێرانەوە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاند.

لە 10ی ئاداری 2023، ئێران و سعوودیە بە نێوەندگیری چین گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی هاریکاری ئابووری و ئەمنی، کە زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر واژۆ کرابوون.

Fly Erbil Advertisment