سەربه‌ست ئامێدى: پێشبینی دەکەم لە حوزەیرانی ساڵی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت

سه‌ربه‌ست مسته‌فا ئامێدى، سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
سه‌ربه‌ست مسته‌فا ئامێدى، سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 - هەولێر

سه‌ربه‌ست مسته‌فا ئامێدى، سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێی وايه‌ ئه‌سته‌مه‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و پێشبینیش دەکات، بكه‌وێته‌ مانگى حوزەیرانی ساڵی 2024.

سه‌ربه‌ست مسته‌فا ئامێدى، سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "پێموايه‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستووریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان ده‌بێته‌ هۆى دواكه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم و ئه‌سته‌مه‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم به‌ڕێوه‌ بچێت و پێشبینیش دەکەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بكه‌وێته‌ مانگى حوزەیرانی 2024."

سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پێی وایە پەرلەمانی کوردستان زۆر کەمتەرخەمبووە لە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و گوتی: "ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم کە لە کۆتایی ساڵی 2019 وادەکەی تەواوبووە، بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان زۆر کەمتەرخەمبووە لە کاراکردنەوەی ئەم ئەنجوومەنە، پێویست بوو ھەر لە ساڵی 2020 یان ساڵی 2021 ئەنجوومەنەکە کارا بکاتەوە بۆ ئەوەی نەگەیشتبووایە ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ ھەرێم تێیکەوتووە و دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەبارەی نادەستوریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمیش چونکە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بووە بۆیە بە هەڵوەشاوەیی ھەژمار دەکرێت".

رۆژی 22ی ئایار فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ رەزامەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ‌و لایەنەکانی دیکە، درێژەی بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دا و تێیدا زۆرینەی بەکارھێنا و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستانی کاراکردەوە.

ئامێدی پێیوایە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە ھیچ بەھایەکی نییە، بۆیە دەمێنێتەوە سەر بڕیاری ھەرێمی کوردستان ئاخۆ پێیەوە پابەند دەبێت یان نا و گوتی: "ئەگەر ھەرێم پابەندی بڕیارەکە نەبێت و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێداگری بکات کە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان پڕۆسەکە ئەنجام بدات، ئایا حکوومەتی عێراق ئەنجامەکە قبوڵ دەکات؟، بە بۆچوونی من نەخێر، بۆیە باشتر وایە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکات و وادەیەکی دیکە دەستنیشان بکرێت بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، چونکە ئەگەر ھەرێم بەبێ بەغدا و دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هەڵبژاردن ئەنجام بدات، لەلایەن ناوخۆی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشەوە قبوڵکراو نابێت، بۆیەش ئەستەمە ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ھەرێم ئەنجام بدرێت، پێموایە دەکەوێتە مانگی حوزەیرانی ساڵی داھاتووە و رەنگە زیاتریش دوا بکەوێت".

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رۆژی سێشەممە 30ـی ئایاری 2023 لە راگەیەندراوێکدا، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ساڵی پێنجەم بە نایاسایی هەژمار کرد و تیاییدا ئاماژەی بەوەدابوو: "ھەموو ئەو بڕیارانەی دوای تەواوبوونی چوار ساڵی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراون، بە بڕیاری پوچەڵ ھەژمار دەکرێن".

سەبارەت بەو لێدوانەی چەند رۆژی رابردووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدابوو کە ناتوانێت ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە بەڕێوە ببات، سەربەست مستەفا پێی وایە کە ئەمە وەکو فشارێکی سیاسین لە سەر ھەرێمی کوردستان و بەھانەیەکی لاوازە و گوتی: "چونکە ساڵی 2005 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سێ ھەڵبژاردنی لە یەک رۆژدا ئەنجام دا، رۆژی 25ی تەمووزی ساڵی 2009 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دوو ھەڵبژاردنی پێکەوە ئەنجامدا، لە 30ی نیسانی 2014 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دوو ھەڵبژاردنی بەڕێوە بردووە، لە بەغدا لە دوای 2014ەوە ھەر کەسێک کە دەسەڵاتی عێراق بگرێتە دەست وەکو رایەکی گشتی لێھاتووە کە دژی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و حکوومەت و پەرلەمان و خەڵکەکەی کار دەکات، بۆیە ئەم دوا بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، ھەر بۆ ئەوەیە کە دەیانەوێت دۆخی ھەرێمی کوردستان تێکبدەن و ھەڵبژاردن لە ھەرێم نەکرێت و پەرلەمانەکەی ھەرێم بە ھەڵوەشایی بمێنێتەوە".

لە کۆبوونەوەی رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی 2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31ی کانوونی یەکەمی 2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا شەشی تشرینی دووەمی 2022 تەمەنی خولی پێنجەم کۆتایی دەھات.