وەزیری تەندروستی پێشووی میسر بەهۆی هەڵەی پزیشکیەوە گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر
میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە، ئەحمەد عیمادەدین وەزیری پێشووی تەندروستی میسر بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانی لەدەستدا.
ماڵپەڕی "قاهیرە 24" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، دکتۆر ئەحمەد عیمادەدین لە نەخۆشخانەیەکی شاری نەسر، تووشی نەخوشی دڵ بووە، لە ئەنجامدا بڕیار دراوە قەستەرەی دڵی بۆ بکرێت، لەلایەن پزیشکی دڵ بە ناوی "ن، ف" و لە کاتی نەشتەرگەریەکەدا هەڵەیەکی پزیشکی روویداوە و گیانی لەدەستدا.
د. ئەحمەد عیمادەدین، وەزیری پێشووی تەندروستی میسر، لە مانگی ئەیلوولی 2015 تا مانگی حوزەیرانی 2018 پۆستی وەزاری هەبووە.
ئەحمەد عیمادەدین، لە 8ی حوزەیرانی 1955 لەدایکبووە و لە ساڵی 1985 بەکالۆریۆسی لە پزیشکی هێناوە و لە ساڵی 1987 ماستەری لە پزیشکی ئێسک و لە ساڵی1989، دکتۆرای بەدەستهێناوە. کۆمەڵێک پۆستی وەرگرتووە، لەوانە جێگری راگری کۆلێژی پزیشکی بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و ژینگە لە 20ی ئەیلوولی 2010، و وەک راگری کۆلێژەکە هەڵبژێردراوە.