ئەوروپا و ئەمەریکا داوای راگرتنی گرژیەکانی باکووری کۆسۆڤۆ دەکەن

باکووری کۆسۆڤۆ
باکووری کۆسۆڤۆ

K24 - هەولێر

نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بۆ باڵکانی رۆژئاوا، میرۆسلاڤ لایچاک و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەوروپا، گابرێل ئێسکۆبار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی کۆسۆڤۆ ئەلبین کورتی گفتوگۆیان کرد.

دیپلۆماتکارانی ئەوروپا و ئەمەریکا لە میانەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا لە پریستینا، نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە و داوای کۆتاییهێنانێکی دەستبەجێیان کرد بە گرژییەکان لە باکوری کۆماری کۆسۆڤۆ.

لایچاک لە تویتێکدا نووسیویەتی: " نێردەی ئەمەریکا گابرێل ئێسکۆبار و ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیران ئەلبین کورت و جێگری سەرۆک وەزیران پێسنیک بێسڵیمی کۆبووینەوە، ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بە بارودۆخی باکووری کۆسۆڤۆ و داوای کەمکردنەوەی دەستبەجێی گرژییەکان دەکەین و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە، لە شارەوانییەکانی باکوری کۆسۆڤۆ دەکەین لەگەڵ بەشداریکردنی سربیای کۆسۆڤۆ و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و ئاساییکردنەوەی گرژیەکان".

چاوەڕوان دەکرێت لایچاک و ئێسکۆبار ئەمڕۆ سێشەممە، بەردەوام بن لە سەردانەکەیان بۆ ناوچەکە و لە بێلگراد لەگەڵ سەرکردایەتی سربیا گفتوگۆ دەکەن.

Fly Erbil Advertisment