سویسرا رەزامەندی دا بە ناردنی چەکی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا
K24 - هەولێر
ئەنجومەنی پیرانی سویسرا یاسایەکی هەموارکراوی پەسەند کرد، کە رێگە بە هەناردەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا دەدات.
بەگوێرەی ماڵپەڕی پەرلەمانی سویسرا، "ئەو وڵاتانەی کەلوپەلی سەربازیی سویسری دەکڕن لەژێر هەلومەرجی دیاریکراودا، رێگەیان پێدراوە دووبارە هەناردەی بکەنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە بەشدارن لە شەڕی چەکداریدا".
سویسرا پێشتر داواکارییەکانی ئەڵمانیا، ئیسپانیا و دانیمارکی رەتکردەوە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی تەقەمەنی سویسرا بۆ ئۆکرانیا لەسەر بنەمای بێلایەنی سەربازی، بەڵام پێدەچێت پەرلەمانی سویسرا بۆچوونی گۆڕابێت بۆ ئەوەی بە دەستی بەستراوەوە نەمێنێتەوە لە بەرامبەر ناکۆکییەکاندا.
نوێنەری هەمیشەیی سویسرا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پاسکال کریستین پێرسوێڵ لە مانگی ئایاردا رایگەیاند، دووبارە هەناردەکردنەوەی چەکی سویسری مەحاڵە بەبێ هەموارکردنەوەی یاساکە.
لە لایەکی دیکەوە، مۆسکۆ چەند جارێک رایگەیاندووە، کە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا هەڵوێستی رووسیا ناگۆڕێت، بەڵکو تەنها ناکۆکییەکان درێژ دەکاتەوە.
بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، ئەنجومەنی پیران لە پەرلەمانی سویسرا بە 22 دەنگ هەمواری یاساکەی پەسەند کرد، لەبەرامبەردا 17 ئەندام دەنگیان بەنەخێر دا و چوار ئەندامیش دەنگیان نەدا.