چوارچێوەی هەماهەنگی: سبەی پرۆژەیاسای بودجە پەسەند دەکرێت

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی

K24 – هەولێر:

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆتایی هات و بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەکەدا بڕیاردراوە، بەشداری لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراقدا بکەن و دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە بدەن.

ئەمشەو (7ـی حوزەیرانی 2023)، سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ماڵی هادی عامری لە بەغدا کۆبوونەوە و دوایین گفتوگۆیان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە کردووە کە وەک پێشتر لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقەوە راگەیەندرا، رۆژی پێنجشەممە (8ـی حوزەیرانی 2023) دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەدرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری، سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رێککەوتوون لەسەر بەشداریکردن لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و دەنگی پێبدەن.

لەلایەن خۆیەوە، عەباس عامری، ئەمینداری گشتی چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، "سبەی پێنجشەممە پەسەندکردنی گرنگترین بودجە لە عێراق بەخۆیەوە دەبینێت".

هاوکات سەرچاوەیەک لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، لایەنە سیاسییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە رێککەوتوون و سبەی دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و پڕۆژەیاساکە پەسەند دەکرێت.

هەروەها ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا بەڕێوەچوو، کە پێشتر کوردستان24 ناوەڕۆکی رێککەوتنی ئەو کۆبوونەوەیەی ئاشکرا کرد.

هاوکات جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە، لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) گەیشتنە رێککەوتن پێش ئەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.

پێشتریش پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.

هەروەها پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، وابڕیارە سبەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسانەی تاوەکو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە یاخود ئەو پرسانەی جێی ناکۆکی نێوان لایەنەکانن

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە (7ـی حوزەیرانی 2023)، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 لەبارەی دانیشتنی سبەی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و بە تایبەت هەردوو ماددەی 13 و 14 کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، بەردەوامن و لێکتێگەییشتنێک لەنێوان لایەنەکان بۆ ئەو مەبەستە هەیە."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "پرسی پڕۆژەیاسای بودجە لە پرسەکانی دیکە جیاوازە، پێموایە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت پارتی پڕۆژەیاساکەیان پێ باش نەبێت و ناڕازیبن، هیچ بڕیارێکی لەسەر نادرێت و پەسەند ناکرێت، بە دووریشی دەزانم زۆرینەی پەرلەمانی بۆ ئەو پرسە بەکاربهێندرێت".

ئەمەش دوای ئەوە هات، رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment