فه‌ره‌نسا گه‌وره‌ترین بودجه‌ی سه‌ربازی له مێژووی خۆیدا په‌سند كرد
K24 – هەولێر:
كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا گه‌وره‌ترین بودجه‌ی سه‌ربازی له مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا به به‌های زیاتر له 400 ملیار یۆرۆ بۆ ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2024 – 2030 په‌سند كرد.
له‌و باره‌یه‌وه سه‌به‌ستیان لۆكۆرنۆ، وه‌زیری به‌رگری فه‌ره‌نسا ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 7ـی حوزه‌یرانی 2023) رایگه‌یاند، ئه‌و بودجه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و به ره‌زامه‌ندی هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له په‌رله‌مانی فه‌ره‌نساوه په‌سند كراوه.
له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان، 408 ئه‌ندامیان ده‌نگیان به پڕۆژه‌یاساكه داوه و 57ـی دیكه‌ش دژی ئه‌و پڕۆژه‌یاسا بوونه، كه كۆی گشتی بریتییه له 413 ملیار یۆرۆ و به گه‌وره‌ترین بودجه‌ی بواری سه‌ربازی داده‌نرێت له مێژووی ئه‌و وڵاته.
لایه‌نگرانی ئه‌و بودجه زه‌به‌لاحه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، زیادكردنی ئه‌و بودجه‌یه دوای كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی ئێستای فه‌ره‌نسا به‌دیار ده‌كه‌وێت.
هه‌روه‌ها روونیانكردووهتهوه، بودجه‌كه بۆ نوێكردنه‌وه‌ی سوپا و به‌رفراوانكردنی به‌رگری ئه‌تۆمی و باشتركردنی بارودۆخی تایبه‌تی سوپا به‌كارده‌هێنرێت، له هه‌مان كاتدا به‌و هۆیه‌وه سوپای فه‌ره‌نسا چه‌ك و كه‌لوپه‌لی قورسی سه‌ربازی له‌ناویشیاندا تانك و زرێپۆش كه‌متر ده‌كڕێت.