بەشیر حەداد: کارتی بەهێزی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دژی نەیارەکان یەکڕیزییە

بەشیر حەداد
بەشیر حەداد

K24 - هەولێر

بەشیر حەداد رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بە چەند فلتەرێکدا تێدەپەڕێت، ئێستا لە فلتەری پەرلەماندا گیری خواردووە، ئێمەش دەبێت کارتی بەهێز بەکار بهێنین ئەویش یەکریزی لایەنەکانە بەتایبەت پارتی و یەکێتی.

بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "دیارە ئەمساڵیش وەکو ساڵانی رابردوو پڕۆژەیاسای بودجە کێشەی تێکەوت لەپەرلەماندا، چونکە پڕۆژەیاسای گشتی بودجەی عێراق دوو سێ فلتەری هەیە دەبێت پێیدا تێپەڕێت، فلتەرێکی لایەنە سیاسیەکانە، فلتەرێکی دیکە هی حکومەتە و ئەوی دیکەشیان پەرلەمانە، جا ئەوانەی تێپەڕاندووە ئێستا لە فلتەری پەرلەمان گیری خواردووە".

گوتیشی: "ئەوکێشەی ئێستا تێیکەوتووە زیاتر ماددەی 13 و 14یە کە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە بودجەی ساڵانی 2019 و 2021دا، کە بودجە هەبوو، لەوێش هەردوو ماددەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەمایەوە و کێشەی تێدەکەوت، بۆ نموونە لەساڵی 2021دا هەردوو ماددەی 10 و11 کە تایبەت بوو بە پشکی هەرێمی کوردستان کێشەی تێکەوت تا لەکۆتایی دا رێککەوتنی لەسەر کرا".

بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەشکرد، بودجە لەوادەی خۆی زۆر دواکەوتووە، هەروەها حکومەتی سوودانی بەڵێنی دابوو، کە کاتی کابینەکەی راگەیاند، یەکەم کاریان ئەوە دەبێت بودجە بنێرنە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، دەشڵێت: "ئێستا بودجە دواکەوتووە ئەگەر پەسەندیش بکرێت مانگێکی دەوێت، تاوەکو دەچێتە لای سەرۆککۆمار و واژۆی لەسەر دەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایع بڵاودەکرێتەوە".

جەختی لەوە کردەوە، مانگی 10 ش پێویستە بودجەی ساڵی تازە ئامادە بکرێت، راستە بودجەکە بۆ سێ ساڵە، بەڵام لە ساڵی 2024 و 2025 گۆڕانکاری تێدا دەکرێت. هەروەها ئەم دواکەتنەش لە زیانی گەلانی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دایە.

راشیگەیاند: "بۆیە ئومێد دەکەم ئەمڕۆ رێکەوتن لەنێوان لایەنە کوردیەکان و حکومەتی بەغدادا بکرێت، بەڵام تا وەکو ئێستا دیارنیە، بۆیە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، برواناکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت و دوادەخرێت. یانیش لە خراپترین کاتدا بەدەنگی زۆرینە تێدەپەڕێنرێت، کە ئەمەش زۆر خراپە".

حەداد گوتیشی، لە ئەقڵیەتی ئەواندا ناکۆکیەکان سێ خاڵی سەرەکیە لەنێوان ئێمە و ئەواندا، یەکەم، تائێستا باوەڕیان بە سیستەمی فیدراڵی نیە، دووەم، باوەڕیان بە هێزی پێشمەرگە نیە، سێیەم ماددەی 140 لەلای ئەواندا نەماوە، ئێمە کێشەمان لەگەڵ حکومەت نیە بەڵکو لایەنە سیسایەکانن دەیانەوێت لە حکومەتی سوودانی بدەن.

راشیگەیاند، لە دوای ئەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە، بەتایبەت هەندێک خاڵی هاوبەشی لەگەڵ ئێمە هەبوو، چونکە لایەنێکی مەرکەزیە دەتوانێت کۆنتڕۆڵی لایەنگرەکانی بکات، لەناو پەرلەمان، بەڵام کە ئەوان کە کشانەوە یاریەکە گۆڕا. ئێمە دەبێت کارتی بەهێز بەکار بهێنین ئەویش یەکریزی لایەنەکانە بەتایبەت پارتی و یەکێتی. چونکە نەیاری راستەقینەی خۆمان خۆمانین.

Fly Erbil Advertisment