جەمال کۆچەر: ئەگەری زۆرە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ رۆژی شەممە دوابخرێت

K24 - هەولێر:
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، تا پشکی کورد چارەسەرنەکرێت بودجە پەسەند ناکرێت، هاوکات راشیگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆر کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ رۆژی شەممە دوادەخرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، کۆبوونەوەمان لەگەڵ لاینە کوردییەکان لە پێناو دروستکردنی کۆدەنگی بوو بۆ دەنگدان لەسەر بودجە، بۆ ئەوەی پەرتەوازە نەبیین و یەک هەڵوێست بین.
هەروەها راشیگەیاند، تا پشکی کورد چارەسەرنەکرێت بودجە پەسەند ناکرێت
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەوەی بەوەدا، کۆبوونەوەکان بەردەوامن و لێکتێگەشتنی باشیش هەیە، بەڵام تاکو ئێستا نەبووەتە دەق، ئەگەر ئەمشەو رێکنەکەون کۆبوونەوەکە دوادەخرێت بۆ رۆژی شەممە.
رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.
رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وهزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی فیدراڵی پهسهندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.
هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.
لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.