خەلیل غازی: زۆرینەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژی مامەڵەی راستەوخۆی بەغدان لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بێجگە لە یەکێتی، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق دژی مامەڵەی راستەوخۆی حکومەتی فیدراڵین لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ هەینی 9ـی حوزەیرانی 2023، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک ئەندامی لیژنەی دارایی لە ژمارەیەک بڕگە و ماددەی پڕۆژەیاسای بودجە ئەنجامیان دا، وایان کرد ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دروست بێت و تا ئێستا لەبارەی کۆی پڕۆژەیاساکە نەگەنە رێککەوتن. گوتیشی، "پرسی پڕۆژەیاسای بودجە لە دەست لیژنەی داراییدا نەماوە، بەڵکوو لە دەست لایەنە سیاسییەکاندایە".

وەکو ئەوەی خەلیل غازی ئاماژەی پێ دەدات، "تەنها فراکسیۆنی یەکێتی داوا دەکات حکومەتی عێراق راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەگەر نا سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دژی ئەو هەوڵەن و نایانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گۆڕانکارییانەی ژمارەیەک ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەنێو پڕۆژەیاسای بودجە ئەنجامیاندا، دژی دەستووری عێراق و ئەو رێککەوتنە سیاسییەن کە لە نێوان هەولێر و بەغدا واژوو کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە درەنگانی شەوی پێنجشەممە 8ـی حوزەیرانی 2023، شەش ماددە لە پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکران کە بریتین لە ماددەکانی (یەکەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم)، هەروەها دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا و ماددەی چوارەمیش لەناو پرۆژەیاساکە لادرا.

لە ماددەی یەکەمی پرۆژەیاسای بودجەدا کە پەسەندکرا، بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 130 هەزار دینار بۆ ماوەی سێ ساڵ (تا کۆتایی ساڵی 2025) جێگیرکرا و نرخی یەک بەرمیل نەوتیش بە 70 دۆلار دانراوە.

هەروەها لە بودجەدا بڕی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دانراوە، بە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە.

 

Fly Erbil Advertisment