محەممەد شاکر: بڕگەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بەبێ تەرخانکردنی دارایی هیچ سوودی نابێت
K24 - هەولێر:
ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، مامەڵەکردن بە جیا لەگەڵ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری فیدراڵی و دەستوەردانە لە کاروباری هەرێمی کوردستان. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، بڕگەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بەبێ تەرخانکردنی دارایی هیچ سوودی نابێت.
محەممەد شاکر، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ــی کوردستان24، رایگەیاند، دەستکاریکردنی ماددەکانی پرۆژە یاسای بودجە پێشێلی دەستووری عێراقییە، ئەگەر دادگای فیدراڵی عێراق، بە مانەی ووشە دادگا بێت و لایەنگیری نەکات ئەو گۆرانکارییانەی کە لە لیژنەی دارایی کراوە دەبێت هەمووی رەتبکرێتەوە.
لەبارەی مامەڵەکردن بە جیا لەگەڵ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتی، مامەڵەکردن بەجیا لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی سیستمی دەستوری عێراقە و دەستوەردانە لە کاروباری هەرێمی کوردستان، هەروەها هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەشکرد، "نەدەبوو بە هیچ شێوەیەک ئەو بڕگەیە قبوڵبکرێت، نەدەبوو هیچ کوردێک دەنگی بەو بڕگەیە دابوایە"، "بەداخەوە کە ئەم بڕگەیەش لەلایەن لایەنێکی کوردی پێشنیازکرا".
گوتیشی، ئەوانەی زۆر پەرۆشن پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە عێراقەوە بلکێندرێت، بابچن سەیرێکی بارودۆخی پارێزگاکانی عێراق بکەن، کە رێژەی هەژاری تێیاندا گەیشتووەتە رێژەیەکی مەترسیدار.
سەبارەت بە گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، محەممەد شاکر، رایگەیاند، بڕگەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بەبێ تەرخانکردنی دارایی هیچ سوودی نابێت، هەروەها سەرەتا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێگەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسراوی ئاراستەی لیژنەی دارایی کرد و دەستخۆشی لێکردن کە ئەو بڕگەیە دانراوە، هەروەها داوایلێکردن زیاتر لە ترلیۆنەک دیناری بۆ تەرخانبکرێت بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت.
هەروەها راشیگەیاند، ئەو هەنگاوەی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەنگاوێکی راستەقینەبوو، بۆ داکۆکیکردن بوو لە مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی لایەنەکانی دیکە لەسەر پرسەکە کردیان تەنیا موزایەدەی سیاسی بوو هیچ سوودێکی نەبوو.
کاتژمێر 07:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی کۆبوونەوەی پەرلەمانی راگرت و هۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت.
هاوکات فراس موسلماوی، ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لیژنەی دارایی پەرلەمان لەکۆبوونەوەدایە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر هەردوو ماددەی 13 14ـی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان بکەن کە رێککەوتنی لەسەر کراون.
کۆبوونەوەکەی پەرلەمان ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 06:30 دەستیپێکرد و پێشتریش کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆ بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە نەکرا.
دوای چەندین جار دواخستن، دواجار دانیشتنی ژمارە 28ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 بە سەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی، سهرۆكی پهرلهمانی عێراق و بە ئامادەبوونی 258 ئەندام ئێوارەی پینجشهممه 8ـی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆی 67 ماددەی پڕۆژەیاساکە، خوێندنەوە بۆ هەشت ماددە کـرا و تێیدا ماددەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسەندکران، ماددەی چوارەم لابرا و دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا.
دوای خوێندنەوەی هەشت ماددە لە پڕۆژەیاساکە، سەرۆکی پهرلهمانی عێراق، محەمەد حەلبووسی دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوهڕۆی ئهمڕۆ ههینی دواخست و دووباره بههۆی نوێژی ههینی، كۆبوونهوهكه بۆ كاتژمێر 3:00ـی ئێواره دواخرا. ئێستاش دووبارە زەنگی جوونە ژوورەوە بۆ پەرلەمانتاران لێدرا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە دەستپێبکاتەوە.