ئاژانسی وزەی ئەتۆم: ئاستی ئاوی بەکارهێندراو بۆ ساردکردنەوەی وێستگەی زاپۆریژیا لە کەمبوونەوەدایە

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا

K24 – هەولێر:

رافایێل ماریانۆ گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای تەقاندنەوەی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا لە ناوچەی خێرسۆن لە ئۆکرانیا، کەمبوونەوەی ئاستی ئەو ئاوەی کە بۆ ساردکردنەوەی ریاکتۆرەکانی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا بەکار دەهێندرێت، بەردەوامە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی بۆ وزەی ئەتۆم لە راگەیەندراوێکدا هەڵسەنگاندنی سەرۆکی ئاژانسەکە، گرۆسسی سەبارەت بە دوایین دۆخی وێستگە ئەتۆمییەکە و کارەساتی دوای تەقاندنەوەی بەنداوەکە، خستووەتەڕوو.

گرۆسسی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاژانسەکە بۆ تێپەڕاندنی ئەو گرفتانەی کە بەهۆی تەقاندنەوەی بەنداوەکەوە دروست بووە، هاوکارییەکی گرنگ پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات، رایگەیاندووە، ئاستی ئاوی بەکارهێندراو بۆ ساردکردنەوەی ریاکتۆرەکانی وێستگەی زاپۆریژییا بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئاشکراشی ده‌كات، لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی هەفتەی داهاتوو سەردانی ئۆکرانیا دەکات.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئاژانسەکە پشتیوانیی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات و رایگەیاندووە، ئەوان لە سەرەتای جەنگەکەوە پشتگیری لە رێگریکردن لە کارەساتی ئەتۆمی دەکەن و بەشداری دەکەن لە ساڕێژکردنی ئەو برینانەی کە بەهۆی کارەساتی بەنداوەکەوە دروست بوون.

گرۆسسی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، لەکاتێدا دۆخی وێستگە ئەتۆمییەکە خۆی لەخۆیدا مەترسیدار بوو، دوای تەقاندنەوەی بەنداوەکە دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە. هاوکات تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، ئاستی ئاو کە لەم بەنداوەوە بۆ ساردکردنەوەی ریاکتۆرەکانی وێستگەی زاپۆریژیا دابیندەکرێت، لە هەر کاتژمێرێکدا پێنج سانتیمەتر کەمیکردووە.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم روونیکردەوە، لە ئێستادا دەتوانرێت ئاو بخرێتە ناو ریاکتۆرەکانەوە تا ئاستی 11 مەتر یان کەمێک کەمتر.

ئاماژەی بەوەش دا کە هێشتا پێشبینی نەکراوە ئاستی ئاوی بەنداوەکە لە چ ئاستێکدا دەوەستێت.

بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا کە دەکەوێتە سنوری هەرێمی خیرسۆن و لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە تەقێنرایەوە، رووسیا و ئۆکرانیاش یەکتری بە ئەنجامدانی کارەکە تۆمەتباردەکەن.

Fly Erbil Advertisment