نەهرۆ رواندزی: لایەنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆدەنگن لەسەر تێپەڕاندنی ماددەی 14

نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، لەنێوان لایەنە کوردییەکان کۆدەنگیەک هەیە کە ماددەی 14 بەو شێوەی کە لەسەری رێککەووتین پەسەندبکرێت. گوتیشی: ماددەی 14 بەو شێوەیە دەبێت کە ئێمە لەسەری رێککەوتن نەک بەو گۆڕانکاریانەی لیژنەی دارایی.

نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، کۆدەنگیەک هەیە لە نێوان هەموو لایەنە کوردیەکان لەسەر تێپەڕاندنی ماددەی 14، هاوکات رەزامەندی لایەنە عەرەبیەکانیشی لەسەر وەرگیراوە کە ئەو ماددەیە بەو شێوەیە دەبیت کە بە رەزامەندی ئێمە داڕێژراوەتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، گەر ماددەی 14 تێپەڕێندرێت، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بودجە پەسەنبکرێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوەشکردەوە، ماددەی 14 بەو شێوەیە دەبێت کە ئێمە وەک لایەنە کوردییەکان لەسەری رێککەوتنین، نەک بەو شێوەی کە کە لیژنەی دارایی پەرلەمانی  گۆرانکاری تێداکردبوو.

ئێوارەی رۆژی هەینی (9ــی حوزەیرانی 2023)، کاتژمێر 09:00ـی  کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 259 پەرلەمانتار بۆ دەنگدان لەسەر ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەستیپێکردەوە دوای ئەوەی  کاتژمێر 07:30ـی ئێوارە  محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی کۆبوونەوەی پەرلەمانی راگرت و هۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا، ماددەکانی (2، 9، 10، 11، 12و13)ــیان پەسەنکرد و ماددەکانی (17،16،15،14) دواخران بۆ کاتێکی نادیار.

هەروەها راشیگەیاند، بە گوێرەی ماددەی 13 لە پرۆژەیاسای بودجەدا، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبکات لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، ئەگەر لایەنی تورکی کێشەی هەبوو لە وەرگرتنی ئەم نەوتە ئەوا  وەزارەتی نەوتی عێراقی دەتوانێت ئەو بڕە نەوتە بە شێوەیەکی دیکە بفرۆشیت، یاخود بۆ پاڵاوگەکانی ناوەخۆ بەکاریبهێنێت، هەروەها حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بەوەی مووچە و شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 5 ساڵ قەرزە نەوتیەکان بگەڕێنێتەوە بۆ بانکی تی بی ئای عێراقی.

لەبارەی ماددەی 14دا، پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق حکومەتی عێراق پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، ئەو بڕگەی باسی پاشەکەوتکردنی مووچە دەکات لە دواین رەشنووسی پرۆژەیاساکە لادراوە، هەروەها بڕگەیەک هەبوو کە نابێت حکومەتی هەرێم نەوتی نەینەوا و کەرکوک بفرۆشیت، ئەو بڕگەیەش لادرا، واتا حکومەتی هەرێم دەتوانی نەوتی نەینەوا و کەرکووک بفرۆشێت، هەروەها هەژمارێکی بانکی دەکرێتەوە بۆ داهاتی نەوت لەژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی دەبێت.

جەختیشی لەوەکردەوە، لە ماددەی 14 یەکێک لە بڕگەکان باسی مامەڵەکردنی راستەوخۆی حکومەتی عێراقی دەکرد لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیەش لادرا و بوونی نما لە ماددەی 14، هەروەها بڕگەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی  %10 لە دواین گۆڕانکاری رەشنووسی بوجەدا لادرا، هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا پێشنیازی کردبوو کە دەبێت حکومەتی عێراق پابەندبێت بە گەڕناوەی مووچەی پاشەکەوتکراوەکان بە رێژەی  %100  بەڵام دەبێت تەرخانکردنی دارایی بۆ بکرێت.