شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ کوردستان24: پارتی دژی مامەڵەی راستەوخۆیە لەگەڵ پارێزگاکان
K24 - هەولێر:
بەهۆی ناڕازیبوونی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە پەسەندکردنی ناوەڕۆکی بڕگەی حەوتەمی ماددەی 14 لە پرۆژەیاسای بودجە، هۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمانی جێهێشت و لە ئێستادا بەئامادەبوونی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەدان.
لەلایەن خۆیەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆک بۆ کوردستان24: پارتی دژی مامەڵەی راستەوخۆی حکومەتی فیدراڵییە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
لەمیانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ماددەی 14 لە پرۆژەیاسای بودجە، کە لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتی ئەو بڕگەیە پەسەندکرا کە ئاماژە بە مامەڵەکردنی راستەوخۆی حکومەتی عێراق دەکات لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی دەنگی بەو بڕگەیە نەدا و هۆڵی دانیشتنەکەی جێهێشت.
لە دانیشتنی (10ـی حوزەیرانی 2023) بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجە پەسەندکرد کە تایبەتە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، فراکسیۆنی پارتی تانە لە ئەنجامی پەسەندکردنی ئەو بڕگەیەی ماددەی 14 دەدات کە باس لە مامەڵەی راستەوخۆی حکومەتی عێراق دەکات لەگەڵ پاریزگاکانی هەرێم، بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی دەستوورە.